ھەولێر - AA
عارف روشدی دەڵێت "کێشەی ھەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر لادانە دەستوورییەکانە و زیاتر لە ٥٥ ماددەی دەستووری عێراق پێشێلکراون".
راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، عارف روشدی لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی چەند پرسێکی سیاسیی گەرمی سەر گۆڕەپانی سیاسی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و پێشی وایە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دەکەوێتە ساڵی داھاتووەوە.
عارف روشدی لە میانی ھەفپەیڤینەکەدا سەبارەت بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستپێکردنی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت "دیارە ھەموومان چاوەڕێی کۆتا بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراقیین لەسەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، چونکە دەزانن کە داواکاری کۆمەڵێک لایەن ھەبوو بۆ ئەوەی دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە، ئێستا ئەو پڕۆسەیە تەواو بووە و ھاتووەتە قۆناغی تانەلێدان، دەبێت بەپێی پڕنسیپ و وادە یاساییەکان ئەو مەسەلانە کاتی خۆیان وەربگرن تا بە شێوەیەکی کۆتایی دادگەی فیدڕاڵی بڕیاری خۆی لێ دەدات و دەبێتە بڕیاری کۆتایی، واتە ھیچیتر نامێنێت بۆ ئەوەی کەس بیانووی لێ بگرێت".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراقیش ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "ئێمە لە ھەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا پەیوەندیی باش بن، باشی پەیوەندییەکان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە تا چەند حکوومەتی بەغدا یان ئەو لایەنانەی حوکمڕانن لە بەغدا پابەند دەبن بە دەستووری ھەمیشەیی عێراقەوە، کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا لادانە دەستوورییەکانە، ئێمە باسمان لەوەکردووە کە زیاتر لە ٥٥ ماددەی دەستووری عێراق پێشێلکراون، ئەگەر بێت و ئەو لادانە دەستوورییە چارەسەرببن پێمانوابێت زۆرینەی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەبن".
جەختیشی کردەوە "تا رادەیەک پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا ئێستا نۆڕماڵن، سەردان و ھاتوچۆ و گفتوگۆ ھەیە، بەڵام نەگەیشتوون بە قۆناغی کۆتایی".
سێ مانگ لەمەوبەر عێراقییەکان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی خولێکی دیکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەوکاتەوە و بە ھۆی تۆمەتەکانی ھەندێک لە لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و تۆمەتبارکردنی ھەندێک لایەن بە ساختەکاری و پابەندکردنی کۆمیسیۆن بە ھەژمارکردنەوەی دەستی دەنگەکان بە یاسایەک لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەران، ھێشتا بەتەواوەتی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکەی ئایاری رابردوو یەکلایی نەبووەتەوە.
ئەگەرچی رێژەی بەشداریکردنی خەڵک بەگشتی لە عێراقدا رێژەیەکی نزمی تۆمارکرد و نەگەیشتە ٥٠ لەسەد و لە ھەندێک پارێزگا و ناوچەی عێراق رێژەی ٣٠ لەسەدیشی تێنەپەڕاند، بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەران کارەکانی سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقی ھەڵپەسارد و لەجێی ئەوان دادوەری بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی ھەژمارکردنەوەی دەستی دەنگەکان راسپارد.
لەمەڕ سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کە کۆتایی مانگی رابردوو و بەدیاریکراوی لە ٣٠ی تەمووز بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی و گەیشتن بە رێگەچارەیەک بۆ دەرباز بوون لەم قۆناغەی ئێستا، عارف روشدی گوتی: "ھەر ئەوە بووە بەردەوامی بەدانوستاندانەکان بدرێت و لەسەر ھەندێک مەسەلەی ئیداری و ئابووری گفتوگۆکراوە و ئومێد دەکەین ھەردوولا بگەن بە ئەنجامی پۆزەتیڤ".
راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، عارف روشدی دەربارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیشەوە بەدووری دەزانێت لە ئەمساڵدا عێراقییەکان پێکھێنانی ئەو کابینەیە ببینن و گوتی: "زۆر زەحمەتە بەم نزیکانە حکوومەتی نوێی عێراق پێکبھێنرێت، پێمان وایە دەچێتە ساڵی نوێوە، چونکە ھێشتا تەنانەت ئەو لیستانەی ھەوڵی پێکھێنانی لیستی گەورە دەدەن نەگەیشتوون بە ئەنجامێک، کێشەی زۆر لە نێوان شیعەکان، سوننەکان، تەنانەت لە کوردستانیش ھێشتا مشتومڕ ھەیە کە ئایا چۆن دەچینە بەغدا، ئایا بەشاندێکی ھاوبەش دەچین بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان یان نا؟، ئێمە خوازیاری ئەوەین لە کوردستان ھەموو ھێزە سیاسییەکان تا بکرێت لێکتێگەیشتنیان پێکەوە ھەبێت بۆ ئەوەی بتوانن وەکو بەرەیەکی کوردستانی بەرەو بەغدا بچن بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە سەنگەری نیشتمان پەروەری پتەوتربکەین و ئەو دەستکەوتە دەستوورییانە بگەیەنینە ئامانج".
سەبارەت بە ئەگەری پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە لە عێراق وەکو ھەندێک لە میدیا و سەرکردە عێراقییەکان بەتایبەت شیعەکان ناو بەناو دووپاتی لێ دەکەنەوە، عارف روشدی روونی دەکاتەوە "حکوومەتی زۆرینە لە عێراق سەرکەوتوونابێت، دەبێت رەنگدانەوەی پێکھاتەکانی نەتەوەیی عێراق بێت، زۆر جار باس لەوە دەکرێت حکوومەتی تائیفی پێکبھێنرێت، ئەمە مەبەستی ئەوەیە لەسەر بنەمای مەزھەب یان دین پێکبھێنرێت، ئێمە لە کوردستاندا ئەو کێشەیەمان نییە، ئێمە دووەم نەتەوەیین لە عێراقدا و دەمانەوێت نوێنەرایەتیی نەتەوەکەی خۆمان لە رێگەی حزبە سیاسییەکانەوە بکەین".
ئێستا لە عێراق ماڵی ھیچ پێکھاتەیەک لەو سێ پێکھاتە سەرەکییە وەکو جاران یەکگرتوو یان نیمچە یەکگرتوو نییە، بگرە پەرتەوازەییەکەی پێش ھەڵبژاردن زەقتر دەردەکەوێت لە ھەرێمی کوردستانیش دوو بەرەی ناڕەگەیەندراوی جیا ھەن کە بەشێکیان رازییەکانن لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن کە یەکێتی و پارتی نوێنەرایەتیی دەکەن و ئەوانی بەرامبەریشیان ناڕازییەکانن کە ھەریەک لە گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری.
عارف روشدی لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەو کارنامەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەیەکە باس لە نووسینەوەی دەکەن و وەکو بنەما و وەرەقەیەکی دەبینن بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق و دەڵێت "بەگشتی ئەو کارنامەیە تەواوبووە، چاوەڕوانی ئەوەین لایەنەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بێنە نێو ئەو کارنامەیە بۆ ئەوەی ئەگەر دید و بۆچوونێکیان ھەبێت بیخەینە سەر و بەگشتی ببێتە کارنامەیەکی نیشتمانی".
سەبارەت بە خاڵە سەرەکییەکان و ھێڵە گشتییەکانی ئەو کارنامەیەش رایدەگەیەنێت "بەگشتی ئەوەیە دەبێت لەگەڵ بەغدا لەسەر سێ پڕنسیپ رێکبکەوین ئەوانیش شەراکەت، تەوافوق و ھاوسەنگی، ئەم سێ پڕنسیپە لە لای ئێمە سەرەکین ئەگەر لەسەر ئەم سێ پڕنسیپە رێککەوتین شتەکانی تریش دەگەینە رێککەوتن تێیاندا".
لەمەڕ سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم لە لایەن یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەت دوای ئەوەی ھەندێک لەو لایەنانە باس لە مەرج دەکەن و باسی ئەوەش دەکەن کە ئامادەنین پێشوازیی لە ھیچ شاندێکی ئەو دوو حزبە حوکمڕانە لە ھەرێم بکەن، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، عارف روشدی گوتی: "پێش ھەموو لایەک جەنابی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کاک مەسعود بارزانی دەستپێشخەر بووە بۆ بانگھێشتکردنی سەرجەم لایەنەکان بۆ ئەوەی رێککەوین لەسەر کارنامەیەکی نیشتمانی، ئەم بانگھێشتنامەیەی لە لایەن سەرۆک و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش بەردەوامە، ئومێد دەکەین لایەنەکانی دیکەش لەوە دووربکەونەوە کە لەگەڵ فڵان حزب دانانیشن و ئەو شتانە، سیاسەت ئاوا بەو دابڕانە نابێت، ھەر کێشەیەک ھەبێت دەتوانن پێکەوە دابنیشین و کوردانە بگەین بە چارەسەر بۆیان".
news_share_descriptionsubscription_contact

