Heman Hussein Yaseen
17 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2023
هەولێر - AA
کۆمپانیای DNOـی نەرویجی رایگەیاند کە دەستیان بە بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ لە هەرێمی کوردستان دەست پێکردووەتەوە.
بەپێی راگەیاندراوێکی کۆمپانیای DNO، دوای چوار مانگ لە وەستانی بەرهەمهێنان، ئەم مانگە بەشێوەیەکی سنووردار دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتەوە و جەخت لەوە کراوەتەوە بڕی بەرهەمهاتووی نەوت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بەکاردەھێندرێت و بە نرخێکی کەمتر بەراورد بە ڕابردوو لە بازاڕەکانی ناوخۆ مامەڵەی پێوە دەکرێت.
کۆمپانیاکە ئاشکرایشی کردووە کە سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە کێڵگەی تاوکێ نەوت بەرھەمدەھێنن، بەڵام ھێشتا لە کێڵگەی پێشخابوور دەستیان بە بەرھەمھێنانی نەوت نەکردووەتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە ئێستا لە کێڵگەی تاوکێ، رۆژانە نزیکەی ٤٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەهێنن و بەشێکی لە ڕێگەی تەنکەرەوە بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان دەفرۆشرێت.
هەر لە راگەیاندراوەکەی کۆمپانیای DNO دا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تاوکێ، بێژەن رەحمانی رایگەیاندووە: "ھەرچەندە ھیچ ئاسۆیەکی روون بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە بەدی ناکرێت، بەڵام ژمارەی ئەو تانکەرانە زیادیکردووە کە نەوت لە رێگەی وشکانییەوە دەگوازنەوە بۆ بازاڕی ناوخۆ".
کۆمپانیای DNO کۆمپانیایەکی نەرویجییە و دوای چوار مانگ لە ڕاگرتنی کارەکانی، بەرھەمھێنانی نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ دەستپێکردەوە و، ئێستاش رۆژانە ٤٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەمدەھێنێت.
لە ٢٥ی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئێستا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا وەستاوە و بەمهۆیەوە بەشێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە و داوای دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکەن. لە کۆتایی مانگی تەمووز، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان کە ئەندامەکانی بریتین لە کۆمپانیاکانی (DNO، گەنەڵ ئینێرجی، گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم، HKN ئینێرجی و شاماران پترۆلیۆم) ڕایانگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٣دا پلانی خەرجییەکانیان لە ھەرێمی کوردستان بە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کەمکردووەتەوە.