Zana Natık Kerem
16 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ستیفن ھیکی رایگەیاند، بەتوندی سەرکۆنەی ئەو ھێرشە دەکات کە شەوی رابردوو کرایە سەر شاری ھەولێر و ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش.
ستیفن ھیکی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر سەبارەت بە ھێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری ھەولێر نووسیوویەتی:
"بەتوندی سەرکۆنەی ئەو ھێرشە دەکەم کە شەوی رابردوو کرایە سەر شاری ھەولێر و ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش. سەرەخۆشی خۆشم ئاراستەی کەسوکاری بەو بەڵێندەر مەدەنییە دەکەم کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، گیانی لەدەستداوە".
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ستیفن ھیکی راشیگەیاندووە کە پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو ھێرشە سزا بدرێن و نووسیوویەتی:
"پاڵپشتیی لە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دەکەم بۆ لێکۆڵینەوە لە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر".
شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ژمارەیەک مووشەک ئارستەی شاری ھەولێر و دەورووبەری کراون کە بەر چەند شوێنێک کەوتن و لە ئەنجامدا، ژمارەیەک کەس برینداربوون.
هاوکات ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش رایگەیاند کە لە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر، بەڵێندەرێکی مەدەنی کوژراوە و پێنج بەڵێندەری دیکەی مەدەنی و یەک سەربازی ئەمریکی بریندار بوون.
ھاوکات گرووپێکی چەکداریی کە ناوی خۆی ناوە "سەرایا ئەولیا ئەلدەم" بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشە مووشەکییەی سەر شاری ھەولێر راگەیاند.