ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەمواری یەکەمی یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی پەسەند کرد
- ئەمڕۆ شەممە، دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدرا کە لە میانیدا، ھەمواری یەکەمی یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی پەسەند کرد.
Arbil
ھەولێر ــ AA
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، ھەمواری یەکەمی یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی پەسەند کرد.
ئەمڕۆ شەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەوەکالەت، موحسن مەندەلاوی و بە ئامادەبوونی ١٧٠ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی دانیشتنەکەدا، ھەمواری یەکەمی یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی خراوەتە دەنگدانەوە.
باسی لەوەشکردووە کە لە میانی دانیشتنەکەدا، ھەمواری یەکەمی یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو، پەسەندکراوە.
بەپێی ھەموارەکە، یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی فراوان کراوە، بەو پێیەی کاری ھاوڕەگەزخوازیش خراوەتە چوارچێوەی یاساکەوە.
ھەروەھا بەپێی ھەموارەکە، ھەر کەسێک لە عێراق کاری ھاوڕەگەزخوازی بکات، ئەوە سزای توند دەدرێت، بەڵام لەسێدارەدان لە سزاکەدا، لادراوە.
ھەر بەپێی ھەمواری یەکەمی یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی، ھەر کەسێک لە عێراق کاری ھاوڕەگەزخوازی بکات، ئەوە ١٠ بۆ ١٥ ساڵ زیندانی کردن، سزا دەدرێت.