Zana Natık Kerem
08 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 08 حوزەیران 2021
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمینیک راب سەردانی بەغدا دەکات و لە میانیدا لەگەڵ ھەریەک لە ھاوتا عێراقییەکەی، فوئاد حوسێن و دواتریش سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کۆدەبێتەوە.
پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمینیک راب بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا کە ماوەی یەک رۆژ دەخایەنێت.
ئەحمەد سەحاف راشیگەیاندبوو کە دۆمینیک راب لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ ھەریەک لە ھاوتا عێراقییەکەی، فوئاد حوسێن و سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کۆدەبێتەوە.
بەڵام ھێشتا دیار نییە کە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمینیک راب سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات یان نا.
بەریتانیای ئەندام لە پەیمانی ناتۆ، یەکێکە لە وڵاتانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش و ژمارەیەک سەربازی ئەو وڵاتە لە عێراق جێگیرکراون.
لە ماوەکانی رابردوودا دوای ئەوەی پەیمانی ناتۆ رایگەیاندبوو کە ژمارەی سەربازانی ناتۆ لە عێراق لە ٥٠٠ سەربازەوە بۆ چوار ھەزار زیاد دەکەن، حکوومەتی بەریتانیا راگەیاندبوو کە سەربازی زیاتر رەوانەی عێراق دەکەن.