Zana Natık Kerem
08 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 08 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، قاسم مەحمود کەریم موسڵح دوای ئەوەی لە ٢٧ی مانگی رابردوو بەتۆمەتی تیرۆر لە بەغدا دەستگیرکرابوو، بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، بە بڕیاری دادوەر ئازاد کرا.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە قاسم مەحمود کەریم موسڵح بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، بە بڕیاری دادوەر ئازاد کراوە.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە پۆلیسی بەغدا بە پلەی نەقیب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ھەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "بەڵێ راستە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، قاسم مەحمود کەریم موسڵح ئازادکراوە".
رۆژی ٢٧ی مانگی رابردوو، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، قاسم مەحمود کەریم موسڵح لە باشووری بەغدا لەلایەن ھێزێکی ئەمنی تایبەت بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرابوو کە دواتر ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک ناوچەی بەغدا بڵاوکرانەوە و بۆ ماوەیەک پشێوی لە شارەکە دروستبوو.
بەپێی میدیاکانی عێراق، قاسم مەحمود کەریم موسڵح بەرلەوەی ئازاد بکرێت، لە ماڵی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز لەلایەن لیژنەیەکی ھاوبەشی ئەمنی حەشدی شەعبی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراقەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرابوو.