Heman Hussein Yaseen
15 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2025
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی تایبەت بە ڕەوشی پێکهاتەکان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕاوێژکارانی پێکهاتەکان لە سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان هەرێم و حکوومەتدا بەشداربوون و تیاییدا تیشکخرایە سەر مافی پێکهاتەکان و پاڵپشتییکردنییان هەروەها بەشدارییپێکردنییان لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف تیشکی خستەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و گوتی: "لە ساڵی نوێدا یەکەم کۆبوونەوەیە سەبارەت بە ڕەوشی پێکهاتەکان ئەنجامی دەدەین، بێگومان بوونی پێکهاتەکان گرنگە و حکوومەتی هەرێمیش لە ماوەی ڕابردوودا بەبێ جیاوازی پاڵپشت و پشتیوانی لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیییەکان کردووە".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "لە سەرۆکایەتییەکانی هەرێم، پەرلەمان و حکوومەت ڕاوێژکاری تایبەت بە پێکهاتەکان هەیە و بەشدارییپێکردنی نەتەوە و ئایینەکان لە حکوومەتی نوێ کارنامەی کۆبوونەوەکەمانە، بەداخەوە لە ڕابروودا زوڵمێکی زۆر بەرامبەر بە پێکهاتەکان کرا بە کەمکردنەوەی کورسی کۆتا. بۆیەش داوا دەکەین وەکو نەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا بکرێت نەک وەکو کۆتا چونکە ئەو ژمارە کورسییەی کۆتا کە لە پەرلەمانی کوردستاندا هەیە کەمە".
لەبارەی پەیوەندییەکانی پێکهاتەکان لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکانی پێکهێنەری کابینەی نوێی حکوومەتیی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف گوتی: "بۆ ئێمە سەقامگیریی سیاسیی گرنگە، ئێستا لایەنە سەرەکییەکانی پێکهێنەری کابینەی نوێ کۆبوونەوەکانییان بەردەوامە، پێشبینی دەکەم لە مانگی شوباتی ئەمساڵ کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم پێکبێت، هەروەها پێکهاتەکان بەشداردەبن و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە و پاڵپشتییە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان".
ئایدن مەعروف تیشکی خستەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی عێراق لە پێشێلکردنی دەستووردا زوڵمێکی گەورە لە هەرێمی کوردستان دەکات و لەمبارەیەوە گوتی: "بەداخەوە بابەتی مووچە تێکەڵ بە ململانێی سیاسیی کراوە و حکوومەتی عێراق زوڵمێکی گەورە لە هەرێم دەکات بە تایبەتی لە بابەتی ناردنی مووچەی مووچەخۆران و پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکرێت و ئێمەش بەشێکین لە هەرێم و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێم دەکرێت".