Sarmand Hameed
15 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیھان، کاردینال لویس ساکۆ و شاندێکی یاوەری کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی رەوشی سیاسیی عێراق و تەحەددیاتی ئەمنی و سیاسیی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێکەوەژیانی پێکھاتەکانی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیھان پێزانینی ھەبووە بۆ ھەوڵەکانی مەسعود بارزانی بۆ پاراستنی پێکھاتەکان و قوڵترکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان و تەبایی نێوان پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق.
لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا جەخت لە خۆشکردنی ئەو زەمینانە کرا کە دەبنە ھۆی ئەوەی کریستیان و پێکھاتەکانی دیکە ھان بدرێن بۆ شوێنەکانیان بگەڕێنەوە و بیر لە جێھێشتنی وڵاتی خۆیان نەکەنەوە.