Ozhin Ramadhan Salih
15 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2021
کەرکووک – AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە، ھێزەکانی فەوجی پێنجی پۆلیسی فیدڕاڵی ئۆپەراسیونێکی سەربازییان بە ئامانجی لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش لەگوندی گەڕحە غازان باشووری رۆژئاوای کەرکووک ئەنجامدا .
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدڕالی و فەوجی کۆماندۆ و فرۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراق بەشداربوون و بۆ ماوەی شەش کاتژمێر روبەڕووبوونەوە لەنێوان ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش روویدا.
لەئۆپەراسیۆنەکەدا کامێرای درۆن بەکارھێنرا و لەو کامێرانەیشەوە جوڵەی چەکدارانی داعش دەبینران دواتر دەکرانە ئامانج.
فەرماندەی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدڕاڵی، حەیدەر متەوڕی بە میدیاکانی راگەیاند: "بەپێی زانیاری ھەواڵگری پێشوەخت کە لە گوندی گەرحەی غازان باشووری رۆژئاوای کەرکووک چالاکی و جولەی تیرۆریستانی داعش دەبینرێت بۆیە ئەمڕۆ ئۆپەراسیونێکی بەرفراوانمان ئەنجامدا و توانیمان چوار تیرۆریستی داعش لەناوببەین و سێ حەشارگەی ئەو چەکدارانەیشمان لەناوبرد".
حەیدەر متەوڕی گوتیشی "ئۆپەراسیونەکانمان بەردەوام دەبێت و ناوەستین تاوەکو تەواوی تیرۆریستانی داعش لەناو نەبەین".
گوندی گەرحەی غازان دەکەوێتە سنووری ناحیەی رەشاد سەربە قەزای حەویجە و بەردەوام چەکدارانی داعش لەو سنوورە کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.