Sarmand Hameed
10 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاند، پێکهاتەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان و بە هەموو توانایەک پێشتگیرییان دەکەن.
مەسعود بارزانی لەسەر ئەو هیرشەی لە چەند رۆژی رابردوودا دەکرێتە سەر پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستان، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
بارزانی دەڵێت: "ئەو هێرشە ناڕەوایەی دەکرێتە سەر پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان جێی نیگەرانیمانە".
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە کە بە هەموو توانایەک پشتگیریی لە پێکهاتەکان دەکات.
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە کە "پێکهاتەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان و هەموو مافێکیان پارێزراوە".
لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی رابردووی پەرلەمانی کوردستاندا، بەدەنگی ٥٧ پەرلەمانتار پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی سۆران عومەر هەڵگیرا.
ھەریەک لە فراکسیۆنەکانی، گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ، کۆمەڵی ئیسلامیی، یەکگرتووی ئیسلامیی و، لیستی ئازادی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنەکانی کۆتای پێکهاتەکان دەنگیان لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر دا.
ئەم هەڵوێستەی فراکسیۆنەکانی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگدانیان لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار، سۆران عومەر کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێک لە لایەنەکان داوای نەهێشتنی کورسی کۆتای پێکهاتەکانیان کرد و ئەمەش نیگەرانی پێکهاتەکانی بەدوای خۆێدا هێنا.