عێراق

هەولێر.. کردنەوەی دوو قوتابخانەی سەردەمییانەی تایبەت بە پێکهاتەکان تاوتوێ دەکرێت

وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف: "پێشنیازمان کردبوو دوو قوتابخانەی سەردەمییانەی تایبەت بە تورکمان و سریانی ھەبێت کە پڕۆگرامەکانی بەشێوەی سەردەمییانە بێت و بتوانرێت قوتابی ئەم پێکهاتانە وجوودیان ھەبێت و گرنگیی زیاتریان پێ بدرێت".

Heman Hussein Yaseen  | 26.10.2021 - نوێکردنەوە : 27.10.2021
هەولێر.. کردنەوەی دوو قوتابخانەی سەردەمییانەی تایبەت بە پێکهاتەکان تاوتوێ دەکرێت

Arbil

هەولێر - AA

بە ئامادەبوونی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف و بە بەشداریی ژمارەیەک لە نوێنەرانی پێکھاتەکانی تورکمان و سریانی، کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی پەروەردەی تایبەت بە پێکھاتەکانی تورکمان و سریانی-ئاشووری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف تیشکی خستە سەر گیروگرفتەکانی پەروەردە و بوونی دوو قوتابخانەی نموونەیی تایبەت بە تورکمان و سریانەکانی بە پێویست زانی و لەمبارەیەوە پێشنیاز و بۆچوونی شارەزایان و پسپۆڕانی پەروەردەیی خرایە بەر باسی و گفتوگۆ.

ئایدن مەعروف لە کۆبوونەوەکەدا گوتی: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆمان لەنێوان ھەردوو پێکھاتەی تورکمان و سریانی-ئاشووری تایبەتە بە پەرەپێدانی پەروەردە و خوێندن لە ھەرێمی کوردستان و پێشتریش چەندین کۆبوونەوەمان تایبەت بە رەوشی پێکھاتەکان ئەنجامداوە، بابەتی ئەمڕۆشمان تایبەتە بە قوتابخانەکانی ئەم دوو پێکھاتەیە و دەزانین گیروگرفت ھەیە و دەمانەوێت لەم کۆبوونەوەیە باسیان بکەین و پێشنیازەکان بخەینەڕوو، بۆ ئەوەی لە رێگای خۆمانەوە بیکەینە داواکاری و بەرزی بکەینەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران".

ئایدن مەعروف گوتیشی: "لە میانی سەردانەکانمان بۆ ناوچە جیاجیاکان، ھەستمان بە کێشە و گرفتەکان کردووە و لە کۆبوونەوەی پێشتر داوامانکردبوو لە دەرەوەی قوتابخانەکان، دوو قوتابخانەی سەردەمییانەی تایبەت بە تورکمان و سریانی ھەبێت کە پڕۆگرامەکانی بەشێوەی سەردەمییانە بێت و بتوانرێت ئەم قوتابییانە وجوودیان ھەبێت و گرنگیی زیاتریان پێ بدرێت و پشتیوانی ھەبێت لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێم و بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".

وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف تیشکی خستە سەر دۆخی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی خوێندن و ئاستی قوتابییان لە قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان و پێیوابوو کە پێویستە وابکەین راگیڕانی خوێندن و دۆخی تەندروستی بەمھۆیەوە نەبێتە ھۆی دابەزینی ئاستی قوتابییان.

لە کۆبوونەوەکەدا، چەندین کەسایەتی و پسپۆڕ و شارەزای بواری پەروەردە ئامادەبوون و بڕیارە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، چەندین سەرنج و پشێنیاز بخرێتەڕوو، دواتر کاری لەسەر بکرێت و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە رێگای خۆیەوە پێشنیازەکان بەرزبکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن