Heman Hussein Yaseen
07 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2023
هەولێر - AA
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف لەبارەی پرسی کۆتاکان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، نیگەرانی خۆی لەبارەی تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە خستەڕوو کە رۆژی دووی ئایار، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سۆران عومەر لە دادگای فیدراڵیی بۆ هەڵوەشانەوەی کورسی کۆتاکان تۆماری کردبوو.
ئایدن مەعروف لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام چاودێر بووە بەسەر مافی پێکھاتەکان، بەڵام بەداخەوە کار بگاتە تۆمارکردنی داوای یاسایی دژبە پێکھاتەکان، ئەوە مایەی نیگەرانیمانە. لە هەمانکاتدا نابێت دەستوەردان لە مافی پێکھاتەکان بکرێت و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنیشمان بۆ پێکھاتەکان بە سیستەمی یەک بازنەیی قبووڵە".
گوتیشی: "دەبێت پێکھاتەکان مافەکانیان دەستەبەر بکرێت و ھەڵبژاردنیش لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت و ئەگەر لایەنە سیاسییەکان ناکۆکییان لەسەر بابەتی ھەڵبژاردن هەیە، هەر ناکرێت ئەم ناکۆکییە بەسەر پێکھاتەکاندا بشکێتەوە، پێویستە هەموولایەک رەچاوی ماف و داواکارییەکانی پێکهاتەکان بکات و کۆتا نەخرێتە ناو ناکۆکی و هاوکێشە سیاسییەکان".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان رەتی کردەوە کە کورسی پێکهاتەکان بەپێی ناوچەکان دابەش بکرێن و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم دابەشکردنە کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر پێکھاتەکان و بۆ بەرژەوەندی سیاسیی بەکار دەھێنرێن.
ئایدن مەعروف گوتی: "ئێمە پێشتریش دووپاتمان کردووەتەوە کە بوونی پێکهاتەکان هۆکارێکە بۆ پێکەوەژیان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، ئێمە وەکو وەزیری هەرێم لە هەموو کاتێکدا زیاتر پاڵپشتی لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان دەکەین و حکوومەتیش پاڵپشتی ماف و داواکارییەکانییانە. بۆ ئێمە سەقامگیریی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان گرنگە، هەڵبژاردنیش رەهەندێکی نیشتمانیی هەیە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە گرفتێکیان هەیە و کێشەی سیاسییان لەگەڵ یەکتردا هەیە، دەبێت هەڵبژاردن بچێتە دەرەوەی ئەم کێشەیە و دوور بخرێتەوە لە ململانێ و کێشە سیاسییەکان".
رۆژی ٢٦ی ئاداری ئەمساڵ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، دلشاد شەھاب لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانە، فەرمانی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد و لە فەرمانەکەشدا رۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ وەک رۆژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە.