کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق: "سبەی شەممە بانگەشەی ھەڵبژاردن کۆتایی دێت"
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەللای ڕایگەیاند: "کاتژمێر ٧ی بەیانی سبەی شەممە، بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆتایی دێت".
Iraq
عێراق ــ AA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وادەی خۆیدا لە ١١ی ئەم مانگە ئەنجام بدات و ئاماژەی بەوەشدا کە کاتژمێر ٧ی بەیانی سبەی شەممە، بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆتایی دێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەللای بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆمیسیۆن ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ ئەوەی دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ٩ی ئەم مانگە و دەنگدانی گشتی لە ١١ی ئەم مانگە، ئەنجام بدات".
گوتیشی: "کاتژمێر ٧ی بەیانی سبەی شەممە، بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆتایی دێت".
باسی لەوەش کرد کە بۆ نۆ ھەزار و ٥٠٠ قوتابخانە وەک بنکەی دەنگدان ڕادەستی کۆمیسیۆن کراون و بە ھەماھەنگی لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی، قوتابخانەکان پارێزراون.
ڕاشیگەیاند کە لە ھەر وێستگەیەکی دەنگدان دوو کامێرا و سێ کامێرا لە ھەر ناوەندێکی دەنگدان دادەندرێن، بۆ ئەوەی پرۆسەی دەنگدان بە دۆکیۆمێنت بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت کە ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت، ھێزە ئەمنییەکانی سەربە وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ، ھەروەھا دەزگای دژەتیرۆر، پێشمەرگە، دەستەی حەشدی شەعبی و دەستەی دەروازە سنوورییەکان و ئاوارەکانی دانیشتووی نێو کەمپەکان دەگرێتەوە.
جۆمانە غەللای دەنگدەرانی دڵنیا کردەوە سەبارەت بە نھێنی دەنگدانەکەی و گوتی: "با دەنگدەر دڵنیا بێت، کەس ناتوانێت بزانێت ئەو دەنگدەرە دەنگی بە کێ داوە، چونکە فورمی دەنگدانەکە ناوی تیادا نییە و کۆمیسیۆن مامەڵە لەگەڵ ژمارەکاندا دەکات".
ھەروەھا ھۆشداری دا لەوەی: "لیژنەکانی چاودێری بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی کە لە کاتی کۆتایی بانگەشەی ھەڵبژاردن، پێشێلکاری دەکەن و ئاماژەی بەوەشدا، کە ھەر کەسێک لە کاتی کۆتایی بانگەشەی ھەڵبژاردن سەرپێچی و پێشێلکاریی بکات، ئەوا ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە".
بڕیارە ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پڕۆسەی ھەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بەڕێوەبچێت کە تێیدا حەوت ھەزار و ٧٦٨ بەربژێر لە ١٨ پارێزگای عێڕاق ڕکابەری یەکتر دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنەکە.
پێشتر گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەللای بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاندبوو کە بۆ ئەم ھەڵبژاردنەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ٢١ ملیۆن و ٤٠٤ ھەزار و ٢٩١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان ھەیە.
