سەرلەنوێ گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکیا بۆ شاری سلێمانی دەستیپێکردەوە
Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
هێڵی ئاسمانیی تورکیا (THY)، کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە گەشتەکانی بۆ شاری سلێمانی ڕاگرتبوو، سەرلەنوێ دەستیپێکردەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی سەرۆکایەتی پەیوەندییەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکیا، هێڵەکە کە گەشت بۆ شارەکانی بەغدا، نەجەف، هەولێر، بەسرە و کەرکووک ئەنجام دەدا، بە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی بۆ شاری سلێمانی، ژمارەی ئەو شوێنانەی لەو وڵاتە گەشتی بۆ ئەنجام دەدات بۆ شەش شوێن بەرزکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا لێدوانی سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی و لیژنەی جێبەجێکار، پرۆفیسۆر د. ئەحمەد بۆڵات خراوەتەڕوو، کە خۆشحاڵی خۆی نیشان دەدات بە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بۆ سلێمانی، کە بەهۆی جوانیە سروشتییەکانی و مێژووە ڕەسەنەکەی و دەوڵەمەندی کلتوورییەکەی، یەکێکە لە گرنگترین شارەکانی ناوچەکە.

بۆڵات ئاماژەی بەوە کرد ئەم گەشتانە تەنیا تۆڕی گەشتیاری لە ناوچەکە فراوانتر ناکەن، بەڵکو هاوکار دەبن لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات و، ڕایگەیاند: "خۆشحاڵین بەوەی دووبارە گەشتیارانمان بە سەلامەتی و ئاسوودەیی و بە ستانداردە بەرزەکانی خزمەتگوزاریمانەوە بۆ سلێمانی دەگوێزینەوە".

گەشتەکان لە نێوان فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەفتەی چوار ڕۆژ (ڕۆژانی دوو شەممە، پێنج شەممە، هەیینی و یەک شەممە) بە شێوەی دوولایەنە ئەنجام دەدرێن، هەروەها دوای ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٦، گەشتەکان هەموو ڕۆژێک بە شێوەی دوولایەنە ئەنجام دەدرێن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
