Hemin Hüseyin
25 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2016
هەولێر- AA
پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی: "ئەو هاوکارییانەی حکوومەتی تورکیا لە کۆگا دادەنێین و لە ئامادەباشیدا دەبین بۆ هەر پێشهات و حالەتێکی لەناکاو بە مەبەستی فریاکەوتنی ئاوارەکانی شاری مووسڵ".
-سەرکونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، محەمەد ئاکیف ئینام: "وڵاتی تورکیا یەکەم وڵات بوو کە هاوکارییەکانی ناردە هەرێمی کوردستان لەسەرەتای شەڕی داعش تاوەکو ئێستا، بە دڵنیاییەوە هاوکارییەکانمان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت".
ئاژانسی هەماهەنگی و هاوکاری تورک "TIKA " هاوکارییەکانی گەیاندە هەرێمی کوردستان کە بریتییە لە کەلوپەلی خۆراک و جلوبەرگ و پێداویستییەکانی وەک چادر و بەتانی، کە سەرجەم هاوکارییەکان، 527 تۆن دەبێت و ئامانج لەو هاوکارییەش بەهاناوەچوونی ئاوارەکانی پارێزگای مووسڵە کە پێشبینی دەکرێت لەکاتی دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ، شەپۆڵێکی زۆر ئاوارە روو لە هەرێمی کوردستان بکات.
پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوپەشدا کە لەگەڵ سەرکونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان محەمەد ئاکیف ئینام سازی کرد، گوتی: "لە چوارچێوەی ئەو ئامادەکارییە بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارەکانی پارێزگای مووسڵ، حکوومەتی تورکیا 20 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری پڕ لە کەلوپەل و پێداویستی و خۆراک ناردووەتە هەرێمی کوردستان کە سەرجەمییان 527 تۆن دەبێت و ئێستا لەو 20 ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە، ئێستا 15 ئۆتۆمبێل گەیشتووە کە سەرجەم پێداویستی و چادر و بەتانی تێدایە و 5 ئۆتۆمبێلیش ئێستا لە کوالێتی کۆنتڕۆڵ ماوەتەوە و دواتر دەگاتە دەستمان چونکە ئەو 5 ئۆتۆمبێلە کەلوپەلی خۆراکیان تێدایە و پێویستی بە هەندێک رێککار هەیە".
نەوزاد هادی، گوتیشی: "ئەو هاوکارییە مرۆییانە لەلایەن مانگی سووری تورکی سەرپەرشتی دەکرێت و ئێستا لە کۆگا دایاندەنێن و لە ئامادەباشیدا دەبین بۆ هەر پێشهاتە و حالەتێکی لەناکاو بە مەبەستی فریاکەوتنی ئاوارەکانی شاری مووسڵ و هەر دوێنێ شەویش 75 کەس لە کوردانی شەبەک گەیشتوونەتە کامپی خازر و ئێستا لەوێ نیشتەجێکران".
پارێزگاری هەولێر ئاشکراشی دەکات کە ئەو کامپانەی بۆ ئاوارەکان دروستکراون جێگای 100 هەزار کەس دەبێتەوە لە کۆی ئەو 1 ملیۆن و 500 هەزار کەسەی کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ پێشبینی ئاوارەبوونییان لێ دەکرێت و سەبارەت بەم پرسە نەوزاد هادی گوتی: "هەر چەندە تاوەکو ئێستا ئاشکرا نییە کە شێوەی شەڕ کردن لە ناو مووسڵ چۆن دەبێت و ژمارەی خەڵکی ناو مووسڵ 1 ملیۆن و 500 هەزار کەس دەبێت و ئەو کامپانەی ئێمە ئامادەمان کردووە رەنگە بتوانین 100 هەزار کەس لەخۆ بگرێت".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرکونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان محەمەد ئاکیف ئینام سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم دەزگاکانی کرد و تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی تورکیا بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانییان بۆ هەرێمی کوردستان و گوتی: "وڵاتی تورکیا یەکەم وڵات بوو کە هاوکارییەکانی ناردە هەرێمی کوردستان لەسەرەتای شەڕی داعش تاوەکو ئێستا، بە دڵنیاییەوە هاوکارییەکانمان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و هەر لە چوارچێوەی ناوەکەشیدا کە هاوکاری مرۆییە و ئەو هاوکارییانە بەبێ هیچ بەرامبەرێک دەینێرین بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خزمەتی ئاوارەکانی پێ بکرێت".
محەمەد ئاکیف ئینام گوتیشی: "هەفتەی رابردوو سەرۆکی رێکخراوی تیکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بتوانین چۆن ئەو هاوکارییانە بگەیەنینە هەرێمی کوردستان و بتوانین خزمەت بەو ئاوارەکان بکەین و ئەمڕۆش هاوکاریەکانمان گەیاندە هەولێر و بەپێی ئەو توانایەی خۆمان هەوڵ دەدەین لەو هاوکارییانە بەردەوام بین".
ئاژانسی هاوکاری و هەماهەنگی تورک "TIKA " رێکخراوێکی ھاوکاری فەرمییە و راستەخۆ سەر بە حکوومەتی تورکیایە وادەیەکی زۆرە لە ھەرێمی کوردستان کاروچالاکییەکانی لەبارەی هاوکارییە مرۆییەکان پێشکەش دەکات.