Sarmand Hameed
16 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر - AA
بەبۆنەی دەست بەکاربوونی وەک کۆنسوڵی گشتی کۆماری تورکیا لە هەرێمی کوردستان، هاکان کەڕاچای کونسوڵى گشتى تازەى کۆمارى تورکیا سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیيەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن بەرپرسی پەیوەندیيەکانی دەرەوە، فەلاح مستەفا پێشوازی لێکرا.
ماڵپەڕی فەرمی فەرمانگەی پەیوەنديیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی بڵاوی کردووەتەوە، لە دیدارێکدا کە یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگە، سیهام جەبەلى و بەرپرسى بەشى تورکیا لە فەرمانگە، عەبدوسەلام رشید ئامادەی بوون، هاکان کەڕاچای وێراى دەربڕینى خۆشحاڵى خۆى بە بۆنەى دەستبەکاربوونى وەک کۆنسوڵى گشتى وڵاتەکەى لە هەرێم، رایگەیاند کار دەکەین بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنى پەیوەنديیەکان و هەماهەنگى دوولایەنە.
فەلاح مستەفا بە ناوى فەرمانگەى پەیوەنديیەکانى دەرەوە و حکوومەتى هەرێمى کوردستان پیرۆزبایى لە کۆنسوڵى گشتى تازەى کۆمارى تورکیا کردو ویستى هەرێمى نیشاندا بۆ بەردەوامیدان بە زیاتر پێشخستنى پەیوەندیيە دوو قۆڵیيەکان. هاوکات ستایشى کارەکانى کۆنسوڵى گشتى پێشووى کۆمارى تورکیاى کرد.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە رەوشى ئەمڕۆى عیراق و ناوچەکە کردو هیوایان خواست بتوانرێت بە دیالۆگ و گفتوگۆ تەواوى کێشەو قەیرانەکان بێنە چارەسەر کردن.