Azad Mohammed Abdullah
17 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر - AA
مامۆستای ئایینى و وتاربێژى مزگەوتى حاجى جەمال، سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب پێنجوێنى رایگەیاند "کۆنگرەى لووتکەى ئیسلامى لە ئیستانبوڵ، سەلماندنى کە قودس پایتەختى فەڵەستینى یەکپارچەیە، نەک پایتەختى جوولەکە و ئیسرائیل".
مامۆستای ئایینى ئیسلام و وتاربێژى مزگەوتى حاجى جەمال لە شاری هەولێر، سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب پێنجوێنى لە پەراوێزى بەڕێوەچوونى رێوڕەسمى بەخشینى ئیجازەى مەلایەتى بە ژمارەیەک فەقێ لە شارى هەولێر لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەو هەنگاوە شێتانەى سەرۆکى ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ناى، لاپەڕەى زوڵمى دووەمە لە دواى بەڵێنى بلفۆر، ئەو بڕیارەى ترەمپ لەو بۆشایی و ئەو هەموو خیانەت و خیانەتکارییەى لە جیهانى ئیسلامى هاتووەتە ئاراوە کە دژ بە زانایانى ئیسلامى کە هەموو لە بەندیخانەدان و کودەتاکان کە مورسی-یان بەو دەردە برد، ئێستاش موسڵمانان پەڕوباڵیان نەماوە و بێهێز و زەبوون بوون، بۆیە دواى بەڵێنى بلفۆر بڕیارى ترەمپ هات".
گوتیشى: "ئەمە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوئاوازەکانى ناچێتەسەر تا پیاوى وەک سەرکۆمارى تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان تا خەڵکى خۆڕاگرى غەززە و حەماس هەبێت لە جیهانى ئیسلامیدا هێشتا خەڵک زیندووە، میللەتەکان هەرچەند سووکایەتییان پێکرا و هەرچەند برسی و ریسوا و زەلیل کران، بەڵام هێشتا دەتوانن بەرگرى بکەن لە پیرۆزییەکانیان، بۆیە ئەو خەونەى کە لە خەیاڵى سەفەوى و سەهیۆنییەتدا هەیە، قەت ناچێتەسەر".
مامۆستای ئایینى و وتاربێژى مزگەوتى حاجى جەمال، سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب پێنجوێنى هەروەها گوتی: "کۆنگرەى لووتکەى هاریکاری ئیسلامى لە ئیستانبوڵ، سەلماندنى کە قودس پایتەختى فەڵەستینى یەکپارچەیە، نەک پایتەختى جوولەکە و ئیسرائیل. ئەم بڕیارەى ترەمپ لەبارەى قودس لە رووکەشدا شکستە بۆ موسڵمانان و لێدانە لە ئیسلام، بەڵام لە راستیدا بۆ ئەوەى خوێنیان بجووڵێت و غیرەت بێتەوە ناو دەمارەکانیان و بەرگرى بکەن لە پیرۆزییەکانیان".
سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب پێنجوێنى دەشڵێت "قودس نە مولکى عەرەبە و نە مولکى فەڵەستینییەکانە، بەڵکو وەقفى هەموو موسڵمانانە، قودس بۆ موسڵمانى تورکیا، ئیندۆنێزیا، نیوزیلەند، تونس، مەغریب و هەرێمى کوردستان بە هەمان ئاست نزیکە، قودس ماڵى هەموو موسڵمانێکە، چۆن قودس هى غەززە و کەنارى رۆژئاوایە، بە تایبەتى هى کورد و رۆڵەکانى سەڵاحەددین ئەیوبی، هەروەها نەوەى عوسمانییەکانە کە توانیان چەندین ساڵ قودس بپارێزن. ئێستاش ئومێد دەکەم رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوکاران و دڵسۆزانى ئیسلام لێرە و لەوێ هەمان هەڵوێستى سوڵتان عەبدولحەمید، عیزەددین قەسام و ئەحمەد یاسین، مورسى و هەڵوێستى وێژدانى موسڵمانانیان هەبێت، بەرگری بکەن لەو پیرۆزییە (قودس)، ئەگەر بەرگری نەکەن و ئەو پیرۆزییەمان لە دەست دەرچێت وردە وردە هێرش دەکەن بەرەو پیرۆزییە گەورەکەمان کە مەککە و مەدینەیە".
- نیو سەدەیە قودس لە ژێر داگیرکارییدایە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ژمارەی ٤٧٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٠ کە دانی بە راگەیاندنی قودسی رۆژهەڵات وەک پایتەختی ئیسرائیل دا نەنا، پێشێل کرد و قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە قودس دابنێین وەک پایتەختی ئیسرائیل".
هەروەها ترەمپ راگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس.
ئیسرائیل لە پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٧ەوە قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکردووە. لە ساڵی ١٩٨٠وە تاکلایەنە بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکەی وەک "پایتەختی یەکگرتوو" راگەیاندبوو.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پەسەندکردنی بڕیاری ژمارە ٤٧٨ لە ساڵی ١٩٨٠ راگەیاندنی قودسی بە پایتەختی ئسرائیل، رەتکردەوە.
بە پێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە دان بەوە دادەنێن کە قودسی رۆژهەڵات لە ژێر داگیرکاریدایە.
سەرجەم ئەو وڵاتانەی دان بە ئیدارەی ئیسرائیل دادەنێن باڵیۆزخانەکانیان لە تەلئەبیبە و، هیچ وڵاتێک دان بەوە دانانێت کە قودس یان بەشی رۆژهەڵات یان رۆژئاوای شارەکە پایتەختی ئیسرائیلە.