1 23
06 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2016
سلێمانی - AA
كۆنگرەكە بە بەشداری ئەندامانی رێكخراوەكە و ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و حزبی و رێكخراوەكان ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی دەستی پێكرد، كۆنگرەكەش یەك رۆژ دەخایەنێت و بە هەڵبژاردنی سەرۆك و دەستەی نوێی بەڕێوەبردن كۆتایی بە كارەكانی دێت.
سەرۆكی رێكخراوی جەستەبەخشان لە كوردستان، فەرهاد قادر لە بارەی كۆنگرەكەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئامانج لە سازكردنی ئەم كۆنگرەیە ئامادەكردنی سێ یاداشتە كە یەكیان بۆ سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ هاوكاری و هەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی بۆ تەواوكردنی ئەو نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەی پێش سێ ساڵ بەردی بناغەی لە سلێمانی دانراوە، هەروەها یاداشتێك بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانە كە ئەو پڕۆژە یاسایەی بۆ بەخشینی جەستە ئامادە كراوە و 32 مادەیە هەشتی پەسەند كراوە و ئەوەی تر ماوە، هەروەها یاداشتێكمان هەیە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران و لە رێگەی ئەوانەوە دەبینە ئەندامی رێكخراوی جەستەبەخشانی جیهانی".
رێكخراوی جەستەبەخشان لە ساڵی 2013 دامەزراوە و بارەگاكەی دەكەوێتە شاری سلێمانی، ژمارەی ئەندامانی رێكخراوەكە لە ئێستادا 170 كەسە.
فەرهاد قادر لە بارەی كێشە و گرفتەكانی رێكخراوەكەوە گوتی: "قەیرانی دارایی یەكێكە لە كێشە و گرفتەكانمان و بەو هۆیەوە ناتوانین چالاكی و كارەكانمان ئەنجام بدەین".
بەگوتەی سەرۆكی رێكخراوەكە جگە لە ئەندامانی رێكخراوەکە، زیاتر لە هەزار فۆڕمیان دابەشكردووە و 65 فۆڕمیان بۆ گەڕاوەتەوە كە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ بەخشینی ئەندامانی جەستەیان دوای مردنیان، هەروەها چەندین بەرپرسانی باڵا و وەزیر و پەرلەمانتار و كەسانی تر سەردانیان كردوون و فۆڕمیان پڕكردۆتەوە بۆ بەخشینی جەستەیان.
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی، میران محەمەد لە كۆنگرەكەدا گوتاری وەزارەتی تەندروستی خوێندەوە و گوتی: "لە هەموو دنیادا كاری جەستەبەخشین بە خۆبەخشی هەیە لە رووی زانستییەوە و رێكخراوی جەستە بەخشان هەیە و بەپێی یاسا رێكخراوە".
ئەو پشتیوانی و هاوكاری فەرمانگەكەی بۆ رێكخراوەكە و هەڵمەتی جەستە بەخشین دووپات كردەوە، تاوەكو ببێتە كولتوورێك لە شاری سلێمانی .