ھەولێر
پڕچەککردنی ھێزەکانی پێشمەرگە لەبەرنامەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی سەرۆکی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمدایە. ئەمەش ھەنگاوێکی تری کوردە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا بیانووشیان ئەوەیە عێراق پابەند نەبووە بەدەستور.
پاش رووداوەکانی مانگی حوزەیران کە پارێزگای نەینەوا و چەند ناوچەیەکی نزیک کەرکوک و پارێزگای دیالە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆنترۆڵکران، ھەرێمی کوردستان ھێزەکانی پێشمەرگەی بەدرێژای ١٠٥٠ کیلۆمەتر لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم جێگیرکرد و تا ئێستاش لەچەند لایەکەوە ھێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
دواین پێکدانان و شەڕی سەخت لە ناحیەی زوماری سەربە سنووری نەینەواو و جەلەولای سەربەقەزای خانەقین لەرۆژانی دوای جەژنی رەمەزان بوو کە دەیان کوژرا و برینداری ھەردوولای لێکەوتەوە و بەپێی رایگەنراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەش داعش زیانی زیاتری بەرکەوتووە.
لەمیانەی بەسەرکردنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لەسێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی چەند جارێک جەختی لە پڕچەکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە کردەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەناو ھێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری خانەقین و جەلەولا بارزانی گوتی: "رەوشی پێشمەرگە باشتر دەبێ و چەکی باشیان دەخرێتە بەردەست."
ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە ھەموو دۆخ و ئەگەرێکدا وریا و ئامادە بن.
ھەرێمی کوردستان بەپێی دەستوری عێراق، بەشێکە لەو وڵاتە ئەگەر بیەوێ ھێزەکانی پڕچەک بکا پێویستی بەڕەزامەندی حکومەتی ناوەند دەبێ و لەڕێی بەغداوە ھاوکاری سەربازییەکانی پێ دەگا، بەڵام یەکێک لە کێشەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و ناوەند پاش رووخانی رژێمی بەعس لەعێراق لەسەرپێشمەرگە بووە. بەغدا ئامادە نەبووە، ھاوکاری سەربازی و پاڵپشتی دارایی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بنێرێ کەھەرێم بەمافێکی یاسایی و دەستوری خۆی دەزانێ.
لەمبارەوە ئەندامی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نەجیبە نەجیب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ ٨ ساڵە حکومەتی عێراق بودجەی پێشمەرگەی نەداوە، کە دەکاتە ١٥ ملیار دۆلار کەبەپێی دەستور پێشمەرگە بەشێکە لە سوپای عێراق و دەبوایە بەغدا ئەو بودجەی پێشمەرگەی رەوانەی ھەرێم بکردبایە کەچی نەیناردوە".
بەپێی بڕگەی پێنج لە مادەی ١٢١ی دەستوری عێراق ھێزە ئاسایشپارێزەکانی ھەرێم ناوی ھاتووە و ھەروەھا ئاماژەی بەوەدراوە کە ھەرچی پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی ھەرێمەوە ھەیە لەئەستۆی حکومەتی ھەرێمدایە بەتایبەتی پێکھێنان و رێکخستنی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ھەرێم وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی ھەرێم.
سەبارەت بەکڕینی چەک لەلایەن ھەرێمەوە، بەبێ گەرانەوە بۆ بەغدا، نەجیبە نەجیب بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ھەرێمی کوردستان دەتوانێ چەک بکڕێ و ھێزەکانی پێشمەرگە پڕچەک بکا بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا. چونکە ساڵانێکە حکومەتی عێراق پابەندی رێکەوتنانەکان و بنەما یاسایی و دەستورییەکانی وڵات نەبووە و خەرجی پێشمەرگەی دابین نەکردوە. ھەرێم بەڵگەی لەبەردەستە بۆیە دەتوانێ چەک بکڕێ، چونکە ئێستا مەترسی داعش و گروپە تیرۆریستیەکانی لەسەرە."
ھەر لەمبارەوە سەرۆکی لێژنەی پێشمەرگە و شەھید و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان ئاری ھەرسین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەرێمی کوردستان، بەشێکە لەعێراق و دەبێ لەرێی ئەو وڵاتەوە ھێزە ئاسایشپارێز و پێشمەرگەکانی پڕچەک بکڕێ. ئەگەر ھەرێمی کوردستان پێویستی بەچەک بێ و مەترسی لەسەربێ و بەغداش گوێی پێنەدا، بێگومان حەقی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکا و چەک لە تورکیا یان ئێران و وڵاتانی دیکە بکڕێ."
ھەرسین ھەروەھا گوتی: "ئەو چەکانەی بەدەست پێشمەرگەوەن چەکی باشن لەخوا بەزیاد بێ دەتوانن بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان بکەن، بەڵام ئەگەر بەغدا ھاوکاریمان نەکا دەتوانین چەک بکڕین".
حەفتەی رابردووش لە دیدارێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو وەزیری پێشمەرگەی ھەرێم مستەفا سەید قادر گوتی: "چەک و تەقەمەنیمان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە پێویستە، چونکە لە رابردوودا لە رووی سەربازییەوە بۆ پێدانی چەک و نوێکردنەوەی پێداویستییە سەربازییەکان، حکومەتی عێراق ھاوکارمان نەبووە. تا ئێستا گرێبەستمان نەکردووە بۆ چەک کڕین، بەڵام بە نیازین."
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێم ھەڵگورد حیکمەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "باسکردنی کڕینی چەک یان داواکردنی چەک لە ولاتانی دۆست، تەینا قسە نییە و خستوومانەتە بەردەست ئەو وڵاتانە. پێشمەرگە پێویستی بەچەک و پێداویستی سەربازیە. ئەم جەنگە لەگەڵ داعش درێژە دەکێشێ و چاوەڕوان دەکەین ئەو دەستپێشخەریە جێبەجێ بکرێ ئەگەر چەکیش لەوڵاتانی دراوسێ بھێنین شتێکی ئاساییە."
بەپێی زانیارییەکان ھێزی پێشمەرگە کە سەربە وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستانن و بەشێکیشیان وەک ھێزی زێرەڤانی ناویان دێ ژمارەیان زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار زیاترن و سەربە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمن، جۆری چەکەکانیان (دەبابە، دۆشکە، راجیمە، ھاوەن، بیکەیسی، قەناس و کەڵاشینۆف)ە و چەکەکان بەشێکی زۆریان ھی ھەشتاکانی سەدەی رابردوون چاککراونەتەوە.
news_share_descriptionsubscription_contact

