سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ 42 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە لە رۆژی 1/6/1975 لەسەر دەستی جەلال تاڵەبانی و ژمارەیەك سەركردەی تری حزبەكەوە لە هەرێمی كوردستانی عێراق دامەزرا و لە سەرەتای دروستبوونیشیەوە تا ئێستا، جەلال تاڵەبانی سەركۆماری پێشووی عێراق سكرتێری گشتی ئەو حزبەیە، هەرچەندە ئەو لە ساڵی 2012 ەوە بەهۆی نەخۆشییەوە لە ژیانی سیاسی دابڕاوە.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە ساڵیادی راگەیاندنی حزبەكەیدا باس لە دۆخی ئێستای حزبەكە و دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و كۆتایی شەڕی داعش، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دەكات.
- "یەكێتیی لە ئەسڵدا زادەی قەیرانە و لە قەیراندا دروست بووە"
سەعدی ئەحمەد پیرە سەرەتا لە بارەی دۆخی ناوخۆی حزبەكەیەوە دوا و گوتی: "ئەمساڵ 42 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە ساڵێكی پڕ ئاشوب و قەیرانە لە قەیرانی دارایی و قەیرانی سیاسی و قەیرانی ئەمنی، زێدەباری قەیرانی ئابووری. یەكێتیی لە ئەسڵدا زادەی قەیرانە و لە قەیراندا دروست بووە، لەو ساڵەی كە یەكێتی دروست بوو ساڵی 1975 دوو مانگ پێشتر رێكکەوتنامە شومەكەی جەزائر بوو، یەكێتیی لە ئەسڵدا دروست بووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە هەوڵانە بۆ لەباربردن و قڕكردنی خەڵكی كوردستان بۆ سەركوتكردن و بەردەوام بوون لە راگواستن. تەمەنی یەكێتیی نیشتمانیی یەك ساڵ بوو كە شەڕی چەكداری دەستی پێكرد و مەفرەزەی بچووكی بۆ هۆشیاركردنەوە و وەبەرهێنانەوەی توانا و لابردنی ئەو تەمومژ و مەئویسییەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتبوو. من پێم وایە یەكێتی و هاوپەیمانەكانی یەكێتی لە كوردستان ئەمڕۆ كە حكوومەتی هەرێممان هەیە و پەرلەمانی خۆمان هەیە. لە هەمان كاتیشدا ئیسپاتمان كردووە لە مەیدانی جەنگ بۆ دۆست و دوژمن كە كورد دەتوانێت بەرگری لە خۆی بكات و لە خەڵكیش بكات، ئێستا بە نوێنەرایەتی مرۆڤایەتی شەڕی داعش دەكات، بە دڵنیاییەوە بەسەر ئەم قەیرانانەشدا زاڵ دەبێت لە كێشەكانی ناوخۆ و قەیرانی ئابووری و گێڕانەوەی بارودۆخی دروست بۆ هەرێمی كوردستان و سوود وەرگرتن لە هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لە دوای شەڕی داعش دێن".
- " یەكێك لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كە هەیەتی غیابی مام جەلالە"
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەرەتای دروستبوونییەوە لە چەند رێكخراو و گرووپ و دەستەیەكی جیاواز پێكهاتبوون كە یەكیانگرت و ئەو حزبەیان دامەزراند. لە ماوەی ژیانی سیاسی ئەم حزبەدا ئەو جیاوازییە بەردەوام رەنگی داوەتەوە، بەڵام سكرتێری گشتی حزبەكە جەلال تاڵەبانی رۆڵی گەورە و دیاری هەبووە لە پێشخستن و بەڕێوەبردنی حزبەكە و دامركاندنەوەی جیاوازییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا حزبەكە چەندجارێك رووبەڕووی لێكترازان بووەتەوە كە دیارترینیان جیابوونەوە و لێكترازانی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی ئەم حزبە، نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بوو لە ساڵی 2006 دا. دوای نەخۆشكەوتنی سكرتێری گشتی یەكێتیی (جەلال تاڵەبانی)ش لە ساڵی 2012 و دووركەوتنەوەی لە ژیانی سیاسی، هێندەی تر فرە دەنگی و نەبوونی یەكدەنگی و مەترسی لێكترازانی زیاتر لەناو حزبەكەدا زەقتر كردۆتەوە، بە جۆرێك ئەو حزبە تا ئێستا توانای ئەوەی نییە كۆنگرەی گشتی خۆی ببەستێت و پرسی جێگرەوە و كێشەی گرفتە ناوخۆییەكانی خۆی لە كۆنگرەدا چارەسەر بكات.
سەعدی ئەحمەد پیرە كە زۆرترین لێدوان و چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانی بە ناوی حزبەكەیەوە دەدات لەو بارەیەوە گوتی: "ئاساییە كە مام جەلال ئەگەر كاریگەری هەبێت لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بارودۆخی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەم ناوچەیە، ئەگەر نەخۆشكەوتنی مام جەلال كاریگەری هەبێت لەسەر بارودۆخی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، ئەی چۆن كاریگەری نابێت لەسەر یەكێتییی نیشتمانیی كوردستان، دیزاینی یەكێتیی بەم شێوەیەی كە هەیە بەم شێوە نیمچە بەرەییە لە ئەسڵدا یەكێكە لە داهێنانەكانی مام جەلال و بەڕێوەبردنی یەكێتیی ئەوكات بەڕێوەبردنێكی دروست بوو كە مام جەلال بەڕێوەی دەبرد، ئێستا ئێمە و مانان دەكرێت بتوانین بەشێكی كەم لە بەڕێوەبردنەكە پڕ بكەینەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەكێك لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیی كە هەیەتی غیابی مام جەلال و بەڕێوەبردنی مام جەلالە. وەك مەكتەبی سیاسی كارمان زۆر كردووە كە ناكۆكییەكان كەم بكەینەوە و كۆبوونەوەكان دەست پێ بكاتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئێمە بمانەوێت سەركەوتوو بین لە بەرگری لە وڵاتەكەمان و لە سوود وەرگرتن لە پێشهاتەكان، هەروەها لە دروستبوونی متمانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەبێت پێشوەخت ئێمەی ناوخۆی خۆمان لە یەكێتیی متمانە بە یەكتر بكەین، هەروەها دەبێت لەناو یەكێتیی ببیینە هۆكار بۆ ئەوەی جۆرێك لە یەكدەنگی و كۆدەنگی هەبێت، چونكە كە ئێمە باسی كۆدەنگی و یەكدەنگی نیشتمانی و نەتەوەیی دەكەین، ئەی ئەگەر كۆدەنگی ناو رێكخراوەكەی خۆمان نەكەین چۆن دەتوانین ئەوە بكەین، بۆیە ئەوە پێویستییە و پێم وایە وردە وردە ئەوە رادەگەیەنین".
گوتیشی: "ئەوەی پەیوەندی بە جێگرتنەوەی مام جەلال و باردوخی ناو یەكێتیی و گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتییەوە هەیە، ئەوا پێویستی بە كۆنگرە هەیە و كۆنگرە لە دەرفەتێكی گونجاودا دەگیرێت، زۆر باسمان لە بەستنی كۆنگرە كردووە بەڵام لە ئێستادا ئەوە ناكرێت بە هۆی لە بارودۆخێكی ئەمنی خراپداین لە هەرێمی كوردستان و خەڵكێكی زۆر بە كاروچالاكییەكانی عەسكەری و ئەمنیەوە خەریكە".
- "كورد بە ناتەبایی و ناكۆكی و پەرتەوازەیی هیچ سوود لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە وەرناگرێت"
لە راگەیەنراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی كە بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەوە بڵاوی كردۆتەوە، تێیدا داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسیە بەشداربووەكانی پرۆسەی سیاسی كوردستان دەكات كە "بە رەچاوكردنی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و بەرز راگرتنی گیانی لێبووردەیی و یەكتر قبووڵ كردن، مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و هەنگاوی بەپەلە و عەمەلی بهاوێژن بە ئامانجی لێكنزیكبوونەوە و چارەسەری یەكجاری كێشەكان، بە تایبەتی لەم هەلومەرجەدا كە مەترسییەكانی دۆخی سیاسی ناوچەكە و ئەگەرە سیاسییە پڕ لە نیگەرانییەكانی عێراق و دەورووبەرەوە".
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەرەتای ناكۆكییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015 و ئێستا دوو ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت، ئەگەر ناكۆكییەكانی ئەو كاتە بەراورد بكەیت بە ئەمڕۆ كەمتر بووەتەوە، نەگەیشتووەتە چارەسەری كۆتایی بەڵام زۆر كاڵ بووەتەوە و گرژییەكان خاو بووەتەوە، ئەوەش ئەنجامی كاركردنی هەموو لایەنەكانە بە تایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. لە چەند هەفتەی داهاتوودا و كەمتریش شەڕی مووسڵ تەواو دەبێت و رەنگە لە ناوچەكانی تر كە داعشی لێیە شەڕ دەست پێ بكات، بەڵام بە گشتی شەڕەكە بەرەو كۆتایی دەڕوات، بۆ كورد گرنگە ئامادەسازییەكی هەبێت بۆ پێشوازیكردنی هەموو گۆڕانكاری و بڕیارێك كە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدرێت، دەبێت كورد بەشی خۆی هەبێت، كورد ئەگەر یەكپارچە و یەك دەنگ و یەك رەنگ بێت سوود وەردەگرێت، ئەگەر پەرتەوازە و ناكۆك و ناتەباش بێت هیچ سوود وەرناگرێت".
- "پێویستە سنوورێك بۆ لێدوان و ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دابنرێت"
سەعدی ئەحمەد پیرە لە كۆتایی لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دواین لێدوانی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالیكی و هەڕەشەكانی بۆسەر هەرێم دوا و سەرسوڕمانی خۆی لەو جۆرە لێدوانانە نیشان دا و گوتی: "ئێمە لە بەرەكانی جەنگ هێزەكانی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی لەگەڵ پێشمەرگە پێكەوە سەركەوتنی گەورەیان بە دەستهێناوە و زۆر كەم ناتەبایی هەبوو لە نێوانیاندا، بەڵام جێگای داخ و سەرسوڕمانە لەو ماوەیەی دوایی بە چەند لێدوانێكی ناپێویست خەریكە دۆخێك دروست دەبێت كە نە لە قازانجی عێراقە و نە لە قازانجی هەرێمی كوردستانە، ئێمە بارودۆخێكمان هەیە زۆربەی زۆری چارەنووسەكانی خۆمان، خۆمان بڕیاری لێدەدەین و كەمتر دەستی عێراقی تێدایە. ئێستا دوژمن و ناحەزی زۆرمان ماوە و جێگەی هەڕەشەن بۆسەر هەردوولامان، بۆیە ئەم باردوخە زیاتر پەرەنەسەنێت و لێرە سنوورێكی بۆ دابنرێت باشترە، ئێمە لەگەڵ عێراق بە هەر بارێكدا بكەوێت ئیستیحقاقاتمان هەیە لەگەڵ ئەم وڵاتە لە ئیستیحقاقاتی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی، بۆیە بە دوو قسە و لێك زیز بوون نابێت واز لە بەرژەوەندییەكانی خۆمان بهێنین، ئەو بەرژەوەندیانەی هەمانە لە عێراق هی خەڵكە و هی كەسێك و دووان و حزبێك نییە".
news_share_descriptionsubscription_contact

