هەولێر - AA
٧٥ ساڵ بەسەر یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەرێت کە لە ئێستادا لە سەر ئاستی جەماوەری هەرێمی کوردستان بە بەهێزترین پارتی جەماوەریی هەژمار دەکرێت کە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراقدا، توانی ٢٥ کورسی بەدەست بهێنێت و لە پەرلەمانی کوردستانیش خاوەنی ٤٥ کورسییە لە کۆی ١١١ کورسی و پێکهێنەری سەرەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئەگەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان بە درێژایی ساڵانی کاریی سیاسی بە هەوراز و نشێوی زۆردا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستاش بە یەکێک لە کۆلەکە سەرەکییەکانی دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی دادەنرێت.
لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی دامەزراندنیدا خۆی بۆ ئەزموونێکی دیکە، واتە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادە دەکات و بەرپرسانی حزبەکەش جەخت لەوە دەکەنەوە کە بە هێزێکی زیاتر لە جاران دەیانەوێ بەشداری پڕۆسەکە بن.
دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رەوتێکی ئاسایی و یاساییدا نەبووە و لە قۆناغێکدا کە بەشێک لە دامەزرێنەرانی حزب تەنانەت لە عێراقیش نەبوون بڕیاری دامەزراندنی حزبێکی مۆدێرنی کوردستانیان داوە.
لە ساڵی ١٩٤٦ لە شاری مھاباد لە ئێران، مەلا مستەفا بارزانی و چەند کەسێکی دیکە پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی دیموکراتی کوردستان-یان داڕشت و بۆ ھەمان مەبەست ھەمزە عەبدوڵڵایان ناردە عێراق کە سێ راسپاردەی پێ بوو و راسپاردەکان بریتیی بوون لەوەی؛ دەستکاری لە پەیڕەو و پرۆگرام نەکرێت کە لە مھاباد دارێژراوە، حزبە کوردستانییەکان بە گژ حکوومەتی ناوەندیدا نەچن تا خۆیان جێگر دەکەن و ھەریەک لە شێخ لەتیف و کاکە زیاد بکرێنە جێگری یەکەم و دووەم.
وەک لە بەڵگەنامەکانی ئەو حزبەدا هاتووە، بڕیاری سێیەم دەبێتە ھۆی ناکۆکیی و ئەم ناکۆکییەش لە یەکەم کۆنگرەدا یەکلایی دەبێتەوە کە لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بە ئامادەبوونی ٧٠ نوێنەر لە ماڵی سەعید فەھیم لە شاری بەغدا بەنھێنی بەسترا و لە کۆنگرەکەدا پەیڕە و پڕۆگرامی پارتی دیموکراتی کورد پەسەند کرا، ناوی حزبەکەش بووە پارتی دیموکراتی کورد و سەرکردایەتی حزبەکەیش ھەڵبژێردرا کە مەلا مستەفا بارزانی وەک سەرۆک و ھەریەک لە شێخ لەتیف بە جێگری یەکەم و کاکە زیاد بە جێگریی دووەم ھەڵبژێردران.
دواتر مەلا مستەفا بارزانی لە ١٣ی ئایاری ١٩٤٧ بەرەو یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بەڕێ دەکەوێت و لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ گەیشتە سۆڤییەت، دوای ١٢ ساڵ مانەوە لە یەکێتیی سۆڤییەتی جاران لە شەشی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٨ گەڕایەوە عێراق.
پارتی دیموکراتی کورد، کۆنگرەی دووەمیشی لە ئاداری ١٩٥١ لە شاری بەغدا ئەنجام دا کە سەرکردایەتییەکی کاتی بۆ حزب دانرا کە بریتیی بوون لە ئیبراھیم ئەحمەد، نوری شاویس، جەلیل ھۆشیار، عومەر مستەفا، بەکر ئیسماعیل و محمد ئەمین مستەفا بەبێ سکرتێر.
لە کۆنگرەی سێیەمیش کە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٣ لە شاری کەرکووک ئەنجامدرا، بڕیاردرا ناوی پارتی دیموکراتی کورد بگۆڕدرێت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و رێکخراوەکانی ئافرەتان، قوتابیان و لاوان دامەزران.
کۆنگرەی چوارەمیش لە حەوتی تشرینی یەکەمی ١٩٥٩ بەسەرپەرشتی مەلا مستەفا بارزانی لە شاری بەغدا ئەنجامدرا و تیایدا مستەفا بارزانی وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیبراھیم ئەحمەد بە سکرتێر و ھەریەک لە عەلی عەبدوڵڵا، نوری ئەحمەد تەھا، عومەر مستەفا، ھەمزە عبدوڵڵا، جەلال تاڵەبانی، حەبیب محەمەد کەریم، نەژاد ئەحمەد و خەسرەو تۆفیق وەک ئەندام ھەڵبژێردران.
پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا ١٣ کۆنگرەی ئەنجامداوە کە هەریەک لە کۆنگرەی یەک، دوو، چوار و پێنج لە بەغدا و کۆنگرەی سێ لە کەرکووک، کۆنگرەی شەش لە قەڵادزێ، کۆنگرەی حەوت لە گەڵاڵە، کۆنگرەی هەشت کە بۆیەکەمجار ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان بەشداری کۆنگرەیان کردووە لە ناوپردان ئەنجامدراوە.
لە یەکی ئاداری ١٩٧٩ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مستەفا بارزانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و شەش مانگ دواتر و لە چواری تشرینی یەکەمی ١٩٧٩ کۆنگرەی نۆیەم لە زێوەی دەڤەری مەرگەوەڕ ئەنجامدرا و تیایدا مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا و کۆنگرەی دواتریش هەر لە زێوە بەڕێوەچوو و سێ کۆنگرەکەی دواتریش لە هەولێر ئەنجامدراوە کە دواترینیان کۆنگرەی ١٣ بوو لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ بە ئامادەبوونی زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ نوێنەر بەڕێوەچوو کە هەفتەیەکی خایاند و تیایدا جارێکی دیکە مەسعود بارزانی بەسەرۆکی ئەم حزبە هەڵبژێردرایەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەکەم هەڵبژاردندا لە هەرێمی کوردستان کە لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ ئەنجامدرا، توانی ٥١ کورسی پەرلەمانیی لە کۆی ١٠٥ کورسی بەدەست بهێنێت کە ژمارەی کورسییەکانی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان ١٠٥ کورسی بوو کە پێنج کورسیان تەرخانکرابوو بۆ مەسیحییەکان و دواتریش ئەوەی تریشی بەڕێژەی ٥٠ بە ٥٠ لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بەشکرا.
لە دوای راپەڕینەوە نۆ کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبووە لە زۆربەی کابینەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە و لە ساڵی ٢٠٠٥ یشدا کاتێک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا لە ھەڵبژاردنی رۆژی ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا کە باڵاترین پۆستی هەرێمی کوردستانە و ماوەی سێ خول لەو پۆستە مایەوە و دواتر لە ساڵی ٢٠١٧دا جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پۆستەکەی وەرگرت.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراقدا، توانی ٢٥ کورسی بەدەست بهێنێت و لە پەرلەمانی کوردستانیش خاوەنی ٤٥ کورسییە لە کۆی ١١١ کورسی .
پارتی دیموکراتی کوردستان ٢٤ لقی هەیە کە هەریەک لە لقی شەش لە ئەورووپا و لقی حەوت لە ئەمریکایە و ئەوانی دیکە لە ناوەوەی عێراق و هەرێمی کوردستانن و دابەشبوونە بەسەر ناوچە جیاجیاکان و بەشێوەیەکی ریزبەندین، بەڵام لەو ریزبەندییە ژمارە ١٣ و ژمارە ٢٥ی تیادا نییە.
لەئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبێکی سەرەکی حوکمڕانییە لە هەرێمی کوردستان و ئەم حزبە ئاڵایەکی زەردی هەیە و ھێمای پارتەکەش لە دوو بازنە پێکدێت، بازنەی دەرەوە و بازنەی ناوەوە کە خۆرێکی درەوشاوە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ چل و شەش تیشک کە ھێمایە بۆ ساڵی ١٩٤٦ کە تیایدا پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا.
لە ناوەڕاستی خۆرەکەدا ھەڵۆیەکی تیادایە لە سەرەوەی دروشمەکە و لەنێوانی چێوەی ھەردوو بازنەکە، ناوی پارتی نووسراوە. خوارووی چێوەی بازنەی ناوەوەی دروشمەکە بە دوو گوڵەگەنمی یەکتربڕ تەواوکراوە. لەژێر خۆرەکە و بۆشایی نێوان چێوەی ھەردوو بازنەکە بەڕێنووسی لاتینیی نوسراوە پارتیا دیموکراتا کوردستانێ، ھەموو دروشمەکەیش لەسەر رەھەندێکی سپی کێشراوە کە ھێمای پاکیزەیی و ئاشتی و ئازادی و ھەماھەنگییە.
news_share_descriptionsubscription_contact

