Hawkar Yaseen
16 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2021
هەولێر - AA
لە مەراسیمێکدا لە شاری هەولێر، پرۆژەی وێستگەی کارەبای ١٣٢ کەیڤی نیشتمانیی کرایەوە کە یەکێکە لە پرۆژەکانی رێکخستنەوەی تۆڕی دابەشکردنی کارەبای نیشتمانیی و نزیکەی ١٤ ملیۆن دۆلاری تێچووە.
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد ساڵح لە وتەیەکدا دەربارەی پرۆژەکە رایگەیاند "ئەمڕۆ، پرۆژەیەکی دیکەی کارەبا پێشکەش بە خەڵکی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەم پرۆژەیە پێکهاتووە لە وێستگەیەکی ١٣٢ کەیڤی کە لە توانایدایە ١٨٩ مێگاوات کارەبا دابەش بکات بۆ دەورووبەری وێستگەکە، کارەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی ناوخۆیی ئەنجامدراوە و لە ماوەی ١٠ مانگدا توانیان بیخەنە کار".
کەمال محەمەد ساڵح دەربارەی پلانی حکوومەت بۆ باشترکردنی رەوشی کارەبا گوتی: "ئەو کارنامەیەی حکوومەت کە لە دەستپێکی پێکهێنانی کابینەکە پێشکەشمان کرد، ئێمە بەڵێنی ئەوەماندا کاربکەین بۆ چارەسەری ریشەیی کێشەی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا و پلانی خۆمان بۆ چوار سێکتەر دابەش کرد؛ سێکتەری بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشکردن و کۆنترۆڵکردن و لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبادا لەو ماوە کورتەی تەمەنی کارکردنماندا، ئێمە توانیومانە وێستگەى ٣٠٠ مێگاواتى خەبات و ١٦٥ مێگاواتى گەرمیان و ١٥٠ مێگاواتى زاخۆ بخەینە کار و ئێستا کارەبا بەرهەمدەهێنن، واتە بەگشتی لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا، ٦١٥ مێگاوات کارەبامان بۆ تۆڕی نیشتمانیی زیادکردووە، هەروەها وێستگەکانى دوکان و دەربەندیخان-یش کێشەکانیان چارەسەرکراون و لە کۆتایی ئەم مانگەشدا، ئۆفەری سێ وێستگەی ٧٥ مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر وەردەگرین کە ئەمە بۆ جاری یەکەمە سوود لە وزەی خۆر وەربگرین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا".
گوتیشی: "لەبواری گواستنەوەشدا لە هەموو ناوچەکانی کوردستان ژمارەیەکی زۆر پرۆژەی گەورە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن و بەشێکی زۆریشیان تەواو بوون و ئێستا سوودیان لێ وەردەگیرێت، لەبواری دابەشکردنیشدا زیاتر لە ٤٧٠ پرۆژە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە گوژمەی ٧٠ ملیار دینار لەسەر داهاتی پارێزگاکان جێبەجێکراون و لە بواری کۆنترۆڵکردنی کارەباشدا چەند پرۆژەیەک جێبەجێکراون کە گرنگترینیان بەستنی پێوەری زیرەکە بۆ هاوبەشەکانی کارەبا کە تاوەکو ئێستا نزیکەی ٨٠٠ هەزار پێوەر کەوتوونەتە کار کە ئەمەش پرۆژەیەکی یەکجار گەورەیە بۆئەوەی رەوشی کارەبا تا رادەیەکی باش رابگرین".
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "لە دەرئەنجامی ئەو کارانەی کردوومانە، ئێمە ئێستا ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان حەوت مانگی سەرەتای ٢٠١٩ و حەوت مانگی سەرەتای ٢٠٢١، توانیومانە سێ کاتژمێر کارەبا زیادبکەین بە تێکڕا لە ماوەی پێدانی کارەبای نیشتمانیی بۆ هاووڵاتییان".
کەمال محەمەد ساڵح دەربارەی ئەوەی دوای ئەو هەموو پرۆژانەی بۆ بەرهەمهێنان و رێکخستنەوەی تۆرەکانی کارەبا ئەنجامدراوە بۆچی هێشتا کێشەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان چارەسەر نەبوو گوتی: "ئێستا زیاتر لە شەش هەزار و ٨٠٠ مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا لە ژێرخانی ئێمەدا هەیە، ئەمە نەک پرۆژەبێت بۆ ئایندە، ئێستا ئەو توانایەمان هەیە، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی کە تەنیا پشتبەستنی ئێمە بە غازە، ئێمە تەنیا ٣٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنین و بڵاوی دەکەینەوە، کێشەی ئێمە زیاتر لە دابینکردنی سووتەمەنیدایە نەوەک ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا".