Zana Natık Kerem
23 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند کە پاڵپشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دان پێدانانە بە پاک و بێگەردی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و ھەروەھا دیمەنی جوانی دیموکراسی لە وڵات نیشان دەدات.
موقتەدا سەدر لە تویتێکدا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیوویەتی: " پاڵپشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلایەک دان پێدانانە بە پاک و بێگەردی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و ھەروەھا دیمەنی جوانی دیموکراسی لە وڵات نیشان دەدات و لەلایەکی دیکەوە ئومێد دەبەخشێت بە ملکەچبوونی ئەو لایەنانەی کە بانگەشەی ئەو دەکەن ساختکاری لەو پرۆسە دیموکراتییە، ئەنجامدراوە".
سەرکردەی رەوتی سەدر ھەروەھا راشیگەیاندووە کە ھەوڵی ژمارەیەک بۆ پەلکێشکردنی وڵات بەرەو گرژی و ئاڵۆزی و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی بە ھۆی ئەوەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان رەت دەکەنەوە کارێکی شورەییە، جگە لەوەیش رەوشی سیاسی و ئەمنی وڵات ئاڵۆزتر دەکات.
موقتەدا سەدر جەختیکردووەتە لەسەر ئەوەی کە نابێت فشار بخرێتە سەر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و کارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی و نووسیوویەتی: "پێویستە رەوشێکی ئارام بۆ کۆمیسیۆن برەخسێندرێت تا بتوانێت کارەکانی لەبارەی تانەکانەوە تەواو بکات".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ئەوەشی نووسیووە: "باوەڕبوون بە ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی، دەبێتە مایەی بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری بۆ عێراق و گەلەکەی".
پێشتر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیێندراوێکی لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو بڵاوکردەوە و تیایدا ستایشی رۆڵی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی نیشاندا لەبارەی ئەو ھەڕەشە توندوتیژییەی کە دوای ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە ئاراستەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کراوە.
بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە.