Zana Natık Kerem
20 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری داوای لە لایەنە کوردییەکان کرد کە پرسی سەرکۆماری نوێ یەکلایی بکەنەوە، ھەروەھا داوای لە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کرد کە گرنگی بە تۆمار دەنگییەکان نەدات، چونکە ساختە و دروستکراون.
ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک لە فێستیڤاڵی غەدیر لە بەغدا راگەیاند کە لەدەستدانی راستگۆیی و بڵاوکردنەوەی ھەواڵی ناڕاست، کارەساتێکی راستەقینە و ھەڕەشەیە بۆسەر ژیانی ھاووڵاتییان، ھەروەھا شڵەژاندنی رەوشی ئەمنی و گوتی:
"تۆمارە دەنگییەکان کە لە رۆژانی رابردوودا بڵاوکراونەتەوە، بەشێکن لە ھەواڵی ناڕاست و مەبەستی لێی زیانگەیاندنە بە سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق، ھەروەھا دروستکردنی دووبەرەکیی لەناو ماڵی شیعەدا".
راشیگەیاندووە کەسانێک کە لە رێگای بڵاوکردنەوەی تۆمارە دەنگییەکاندا، دەیانەوێت گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان لایەنەکاندا دروست بکەن و گوتی: "ئومێد دەکەم، موقتەدا سەدر گرنگی بە تۆمارە دەنگییەکان نەدات، چونکە ساختە و دروستکراون".
سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری لە گوتەکەیدا باسی لەوە کرد کە پێویستە پەلە بکرێت لە ھەڵبژاردنی سەرکۆمار و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، چونکە ئەوە تاکە رێگایە لە پێناو سەقامگیرکردن، لەناوبردنی دووبەرەکیی و گێرانەوەی شکۆی دەوڵەت و گوتی:
"پێویستە حکوومەتی نوێ پێکبھێندرێت، ئەوەیش بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ھەموو مەترسییەکان، بەدیھێنانی داواکارییەکانی گەل لەسەروویانەوە سەربەخۆیی و سەروەریی، ئاسایش، خزمەتگوزارییەکان و لەناوبردنی گەندەڵی".
ھادی عامری گوتیشی: "داوا لە لایەنە کوردییەکان، ھەروەھا چوارچێوەی ھەماھەنگیی دەکەین، پرسی سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران یەکلایی بکەنەوە، بە ئامانجی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان".
لەگەڵ ئەوەی نۆ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕبووە، بەڵام تا ئێستا بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، تا ئێستا نەتوانراوە سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت و حکوومەتی نوێیش پێکبھێندرێت.