Zana Natık Kerem
20 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازیی کرد لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستی ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون لەئێستادا، مەسعود بارزانی و بافل جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەدان.
ھەر بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، یەکلاییکردنی پۆستی سەرکۆماری عێراق لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، تاوتوێ دەکرێت.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.
لەگەڵ ئەوەی نو مانگ بەسەر ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕبووە، بەڵام تا ئێستا بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ئێستا نەتوانراوە سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت و حکوومەتی نوێیش پێکبھێندرێت.
هەروەها تا ئێستا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کاندێکی ھاوبەش بۆ پۆستی سەرکۆماری نوێی عێراق رێکنەکەوتوون و ھەردوولا سوورن لە سەر ئەوەی کاندیدانی خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆماری نوێی عێراق نەکشێننەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، رێبەر ئەحمەد-ی بۆ پۆستی سەرکۆماری نوێی عێراق کاندید کردووە و لای خۆیەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرھەم ساڵح-ی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە.