هەولێر - AA
دوای سەردانەکەی بۆ بڕۆکسل، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا گوتارێکی پێشکەش کرد
بارزانی لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەڵامی پرسیاری ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپایشی دایەوە.
دەقی گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە پەرلەمانی ئەورووپا
"ئەم وەفدە ھەڵگری پەیامی خەڵکی کوردستانە و پێکھاتووە لە نەجمەدین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ھۆشیار زێباری و دکتۆر محەمەد ھاودیانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی و محەممەد سەعدەدین نوێنەری تورکمان و وەحیدە یاقو ھورمز نوێنەری کریستیانەکان و شێخ شامۆ نوێنەری ئێزدییەکان.
ئێمە دەمانەوێت رێگەمان بدەن دەربارەی دوو تەوەر بۆچوونی خۆمان بگەیەنین، یەکێکیان لە بارەی ریفراندۆمە کە بڕیاری لێدراوە و ئەوی دیکەیان لە بارەی تیرۆرە.
ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانەوە سەد ساڵ زیاترە ھەموو ھەوڵێکمان دا کە بتوانین شەراکەتێکی راستەقینە بنیات بنێین و بەم دواییانەش عێراقێکی فیدراڵی دیموکراتی دروست بکەین، بەداخەوە ھیچ ئەنجامێکی نەبوو.
ئەگەر ئێمە پەیوەندی خۆمان لەگەڵ بەغدا دابەش بکەین، دەتوانین بڵێین بۆ دوو قۆناغە و یەکەمیان لە جەنگی یەکەمی جیهانەوەیە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ و دووەمیان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣یە بۆ ئێستا.
قۆناغی یەکەم، حوکمی سوننیەکان بوو، قۆناغی دووەم شیعەکان حوکمی عێراق دەکەن، ئێمە زۆر هەوڵماندا لە قۆناغی یەکەم بەیەکەوە بژین بەڵام بەداخەوە تووشی وێرانکردنی دێهات و کۆمەڵکوژی بووین و بەم جۆرە پاداشتمان درایەوە، لە قۆناغی دووەمیش ئێمە بووینە سەبەبی ئەوەی کە شیعەکان بێنە سەر حوکم و ئەوانیش دواتر کە وایانزانی کە جێی پێیان قایمە و کەوتنە دژایەتی خەڵکی کوردستان و نانی خەڵکی کوردستانیان بڕی، بۆیە ئێمە گەیشتینە قەناعەتێک کە بەرەو نائومێدی چووین کە یان دەبێت بەرەو شەڕێکی خوێناوی بچین، یان دەبێت رێگایەکی دیکە بدۆزینەوە با ببینە دوو دراوسێی باش.
مومکینە زۆر جار هەندێک کەس وا تێبگات کە ئەمە دەبێتە هۆی تێکچوونی رەوشی ناوچەکە، کە ئەگەر ئەوە رووبدات، ئاسایشی ناوچەکە تێکبچێت، بەڵام پێچەوانەکەی راستە و مەترسی ئەوە ھەیە ئەگەر ئەمە نەبێت ئەوا ناوچەکە رووبەڕووی کێشەی گەورە و تێکچوونی ئاسایش و سەقامگیری ببێتەوە و لە کۆنتڕۆڵی هەموو لایەک دەربچێت.
ئەزموونی ھەموو گەلانیش دەریانخستووە بەتایبەت لە ئەورووپاش، کە نە دابەشکردنی بەزۆر و نە هاوپەیمانیەتی بەزۆر هەتا سەر سەرناگرێت، لە دەستووری عێراقیشدا کە لە ٢٠٠٥ دەنگی بۆ درا و کورد بە رێژەیەکی زۆر بەشداری کرد و لەوێدا ھاتووە، کە پابەندی بەو دەستوورەوە یەکێتی عێراق دەپارێزێت، بەداخەوە دەمەوێت پێتان بڵێم ھیچ پابەندییەک بەو دەستوورە نەکراوە و دەستووریش رێگەمان پێدەدات ئەو ھەنگاوە بنێین.
ئێمە شانازی بە فەرھەنگی میللەتی خۆمانەوە دەکەین، کە فەرھەنگی یەکتر قبوڵکردن و بەیەکەوە ژیانە کە ئایین و پێکھاتەی جیاواز و مەزهەبی جیاواز بەیەکەوە دەژین و ئەمە بڕیاری ھەموو خەڵکی کوردستان و تەواوی پێکھاتەکانییەتی و بۆ داھاتووش ئێمە پابەند دەبین بەوەی کە ھەموو پێکھاتە و ئاینەکان لەکوردستان مافیان پارێزراو بێت.
ئێمە ناشمانەوێت بە توندوتیژی، بەڵکو دەمانەوێت خەڵکی کوردستان کە بڕیاری خۆیدا و ئەوکات بکەوینە گفتوگۆیەکی جیددی لەگەڵ بەغدا و دراوسێکان و ئەو بڕیارەی کە گەلی کوردستان داویەتی لە ٢٥ ی ئەیلوول نە پاشگەزدەبینەوە و نە پاشەکشەی لێ دەکرێت.
ئێمە ناشمانەوێت ئەو دەردەسەری و نەھامەتییەی جیلی ئێمە و جیلی پێش ئێمە بینیان بەجێی بھێڵین بۆ نەوەی دوای خۆمان و ئێمەش حەز دەکەین منداڵانی ئێمە بخوێنن و ئازادبن و وەکو ھەموو گەلانی جیھان ئەو مافەمان ھەیە و نازانم بۆچی بۆ ھەموو گەلانی جیھان ھەیە ئازاد بن و بۆ گەلی ئێمە نەبێت.
ئێمە داوامان لە دۆستەکانمان ئەوەیە پشتیوانیمان بکەن، ئەگەر لەبەر ھەر ھۆیەک نەتوانن پشتیوانمان بن، لانی کەم دژی ئێمە نەوەستنەوە و لە ئێستاشەوە داوەتتان دەکەین کە نوێنەرتان هەبێت و بەشداربن وەک چاودێر لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوول کە بۆ ئێمە رۆژێکی مێژووییە و ساڵەھای ساڵە ئێمە چاوەڕوانی دەکەین.
تەوەری دووەم شەڕی تیرۆرە کە ئێمە شانازی دەکەین بە پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانێتییەکی زۆری نواند، پێشمەرگە بووە ھۆی ئەوەی ئەفسانەی داعش تێک بشکێنێت. لێرەدا دەمەوێت سوپاسی هەمووتان بکەم و هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی کە ئەو پشتگیری و هاوکارییەی ئێمەتان کرد، دەمەوێت پێتان رابگەیەنم کە پێشمەرگە توانی سی هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە رزگار بکات لە دەستی داعش، کە زیانی ئێمە هەزار و ٧٤٥ پێشمەرگەی شەهید و دە هەزار و ٦٩ بریندارە و ٦٣ دیل و بێ سەروشوێنە. بەهۆی ئەو شەڕە بارێکی زۆر قورس کەوتە سەرشانی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کە توانی ملیۆنێک و ٩٦٤ هەزار ئاوارەی عێراقی و ٢٣٣ هەزار پەنابەری سووریا لەخۆ بگرێت.
سەدەھا پێشمەرگە گیانی خۆیان بەخت کرد بۆ ئەوەی ئاوارەکان رزگار بکرێن و رێگری لەوە بکرێت دەستی داعش پێیان بگات و لە دەستی داعش بیانپارێزن.
بە نسبەت دوایین پێشھاتی شەڕ، کە شەڕی مووسڵ بوو، دوێنێ راگەیەندرا، مووسڵ رزگار کرا، بەڵێ ھیچ گەڕەک و ناوچەیەک نەماوە داعشی لێ بێت و بەڵێ جیوبێک ماوە و بەداخەوە زیانی خەڵکی سڤیل یەکجار یەکجار زۆر و شارەکە وێران بووە و ساڵ و نیوێک، دوو ساڵ پێش ئێستا باسی رزگارکردنی مووسڵمان دەکرد، دەمانگوت دەبێت دوو پلان ھەبێت، یەکێکیان پلانی سەربازی و دووەمیان پلانی ئیدارەدانی دوای رزگارکردنی مووسڵ، بەڵام بەداخەوە پلانی دووەم فەرامۆش کرا، بۆیە من مەترسیم هەیە و زۆر خۆش بین نیم بۆ داھاتووی مووسڵ و ھیوادارم راست نەبم، بەڵام من ئەو ترسەم ھەیە.
ئەو ھۆکارەی بووەھۆی سەرھەڵدان و گەشەکردنی داعش پێش سێ ساڵ، ئێستا ئەو ھۆکارە ئەگەر زیاتر نەبووبێت، ئەوا کەمتر نییە و بۆیە ئەو ترسەم ھەیە و بۆ پلانی سەربازیش ئێمە رێککەوتنمان ھەبوو، کە پێشمەرگە و سوپا و حەشد لە کوێ دەبێت و لە ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ پێشمەرگە لە سێ میحوەرەوە ھێڵی بەرگری داعشی تێکشکاند و رێگای خۆشکرد کە سوپای عێراقی بە ئاسانی بگەنە ناو شاری مووسڵ و پێشمەرگە پابەندی رێککەوتنەکە بوون و نەچوونە ناوشاری مووسڵ، بەڵام حەشدی شەعبی رێککەوتنی پێشێلکردووە و بۆیە من مەترسیم ھەیە کە کێشەی گەورە لەناوچەکە سەرهەڵبدات".
لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا بۆچی نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەندامی ئەو شاندەنین، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی گوتی: "دیارە جەنابتان باش تێنەگەیشتوون بەڵام ئەمە نەجمەدین کەریمە پارێزگاری کەرکووک(بارزانی بەدەست ئاماژەی بۆ د.نەجمەدین کەریم)کرد و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە، بزووتنەوەی گۆڕانیش بۆخۆیان نەیانوسیت بەشداربن"
لە وەڵامی پرسیاری نکۆڵی کردن لە مافی پێکهاتەکان بەتایبەت کریستیان و ئیزییەکان، بارزانی گوتی: "ئێمە نکۆڵی لە مافی ئێزدی و کریستان دەکەین؟، نازانم جەنابت ئەو زانیارییەت لە کوێ هیناوە، ئێمە شەهیدمان داوە لە پێناو پێکەوەژیان و سەقامگیری هەرێمی کوردستان".
لەبارەی کێشە ناوخۆییەکان هەرێمی کوردستان، بارزانی گوتی: "ئێمە پێشتر لەسەر بنەمای تەوافق رێککەوتین کە چوار ساڵی ئارام بەڕێ بکەین، لەبەر ئەوە سەرۆکایەتی پەرلەمانمان دایە بزووتنەوەی گۆڕان کە لە دەنگی خۆیان زیاتربوو، بەڵام گۆڕان بنەمای تەوافقی تێکدا و شتەکان ھاتنەوە سەرەتا، لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ١٩ی ئاب لە کودەتایەک شکستیان ھێنا دەستیاندایە تێکدانی دۆخی ھەرێم".
لەبارەی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێمەوە ، بارزانی گوتی: "یەکەمجار لە پەرلەمانەوە پۆستەکەی من درێژکرایەوە، لەھەردوو جارەکەدا من نامەم بۆ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ناردووە کە رێککاری پێویت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بگرنەبەر، بەڵام ئەوە نەکرا، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنەکان رێککنەکەوتن کەسێک دیاری بکەن تا ببێتە سەرۆکی ھەرێم، لەم دۆخەدا کە کەس نەبوو من پرسیارم لە ئەنجوومەنی شورای ھەرێم کردووە کە ئایا من پۆستەکەم چۆڵبکەم بۆشای یاسایی دروست دەبێت؟، ئەنجوومەنی شورا بڕیاری بەردەوامبوونی منی داوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەکرد کە بزووتنەوەی گۆڕان دوو جار ویستویانە کودەتا ئەنجام بدەن (بە ئاماژەدان بە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥ کە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ چوار پڕۆژە یاسای لایەنە سیاسییەکان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم کرد و فراکسیۆنی پارتی کۆبوونەوەکەی بایکۆت کرد و پڕۆژەکانی ڕەتکردەوە، هاوکات جاری دووەم بەرەبەیانی ڕۆژی ١٩ی ئابی ٢٠١٥ پێنج لایەنە بەشداربووەکە لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە بە بەشداریی نوێنەری ئەمەریکا و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و نوێنەری یۆنامی، داوایان لە پەرلەمانی کوردستان کرد کۆبوونەوەی ڕۆژی ١٩ی ئاب دوابخات سەرباری داوای لایەنە سیاسییەکان پەرلەمانی کوردستان ھەوڵیدا لە رۆژی ١٩ی ئابدا کۆبوونەوەی دووەم بۆ ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم بەڕێوە ببات، کە بەھۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتارەکانەوە کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا).
سەبارەت بە قۆناغی دوای ریفراندۆم، بارزانی گوتی: "ئێمە دوای ریفراندۆم دەست بە دیالۆگ دەکەین لەگەڵ بەغدا و لایەنەکان بەڵام هەنگاوەکان و دیالۆگ بۆ ئەوە دەبێت کە ئێمە لەسەر پرسی نەوت و سنوور و کۆمەڵێک پرسی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ناوچەکانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆخۆیان داوایان کردووە کە پڕۆسەی ریفراندۆم لە ناوچەکانییان ئەنجام بدرێت".
بارزانی گوتیشی: "پێشی ماوەیەک نوێنەری یەکێتی ئەورووپا هاتن و هیچ کەسێکیان نەیانگوت دژی ئەوەیەن و تەنیا باسی کاتەکە کرا، ئێمە لە ئێوە دەپرسین ئەو کاتەی کە ئێوە بە شیاوی دەزانن کەیە؟ سەد ساڵە دەڵین کاتەکە گونجاو نییە و نازانم چ رۆژێک گونجاوە بۆ ئەو پڕۆسەیە و ئێوە پێمان بڵێن کاتەکە کەی گونجاوە؟. ئەگەر بۆ یەکێتیی ئەورووپا هەڵوێستەکە بۆ ئێوە ئیحراجە، ئەوە لانی کەم ئەگەر پشتیوانی ئێمە نەکەن ئەوا پشتیوانی بەغداش نەکەن و هانی هەردوولامان بدەن".
news_share_descriptionsubscription_contact

