Mazın Asad
11 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2017
دەوحە - AA
بە بەشداری ئەمیری کوێت تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ھەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی قەتەر، ئەمریکا و کوێت کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیان ئەنجام دا.
ئاژانسی فەرمی QNAی قەتەر بڵاوی کردەوە کە وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی و وەزیری دەوڵەتی حکوومەتی کوێت بۆ کاروباری دەرەوە، محەمەد عەبدوڵڵا ئەلسەباح و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن لە کۆشکی ئەلبەحر لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی بەشداری کرد کە تێدا تاوتوێی قەیرانی قەتەر، دواپێشھاتەکانی و رەنگدانەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ھەوڵەکانی کوێت لەوبارەیەوە کرا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن پێش کۆبوونەوەکە، دیدارێکی لەگەڵ میری قەتەر ئەنجام دا.
تیلەرسن لە ٩ی ئەم مانگە سەردانی ئیستانبوڵی کرد و لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوە مەولود چاوشئۆغڵو کۆبووەوە. دواتر دوێنێ لە گەشتێکی بۆ وڵاتانی کەنداو، سەرەتا سەردانی کوێتی کرد و ئەمڕۆش گەیشتە وڵاتی قەتەر. چاوەڕوان دەکرێت تیلەرسن دواتر سەردانی سعوودیە بکات.
قەیرانی کەنداو لە ٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستی پێکرد، کاتێک وڵاتانی سعوودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن گشت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند.
ئەو چوار وڵاتە ھاوکات گەمارۆیان خستە سەر قەتەر و لە پێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، لیستێکی داواکارییان پێشکەش بە قەتەر کرد کە تێدا مەرجەکانی وەک "داخستنی بنکەی سەربازیی تورکیا لە قەتەر، پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و داخستنی کەناڵی جەزیرە" ھەبوو و قەتەریش بە ھۆکاری ئەوەی داواکارییەکان پێچەوانەی یاساکانی نێودەوڵەتییە، داواکارییەکانی رەت کردەوە.