Zana Natık Kerem
14 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2026
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتی خۆی بۆ کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی دووپات کردەوە و ڕاشیگەیاند کە دەبێت کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.
نێچێرڤان بارزانی لە میانی ڕێوڕەسمی ٣٠هەمین ئاھەنگی خولی پێگەیاندن لە کۆلێژی سەربازیی زاخۆ گوتارێکی پێشکەێش کرد و تیایدا پیرۆزبایی لە دەرچووان کرد.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە گوتارەکەدا پاڵپشتی خۆی بۆ کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: "پشتیوانی لە کابینەکەی عەلی زەیدی دەکەین".
ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و گوتی: "دەبێت لە حکوومەتی داھاتووی عێراق، مافەکانی ھەرێمی کوردستان مسۆگەر بکرێن".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەشێکی گوتارەکەی بۆ پڕۆسەی یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە تەرخان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆسەی یەکخستنەوەی وەکو پێویست بەڕێوەناچێت و گوتی: "یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە پڕۆسەیەکی چارەنووسسازە و دەبێت سەربکەوێت".
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و دەبێت عێراق ھەموو ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی بەرامبەر پێشمەرگە بەجێبھێنێت و چەک و تەقەمەنییان بۆ دابین بکات.
گوتیشی: "پێشمەرگە مەترسی نییە و پارێزەری وڵاتە، لە شەڕی داعشدا بە روونی ئەوەی سەلماند کە پارێزەری وڵاتە".