Hamit Hüseyin
23 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2016
ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئهڵمانیا گەیشتە پیرمام و لە گەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیی بەشدارییان لهکۆبوونەوەکهدا کرد. ئەوە چوارهمین جارە ئۆرسولا ڤۆندەر لەین سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.
دوای کۆبوونەوەکه لە کۆنگرەیەکی رۆژنامهوانیی هاوبهشدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی رایگهیاند: "ئەمە چوارەمین سەردانی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئۆرسولا ڤۆندەر لەین- بۆ ھەرێمی کوردستان، ئهمه مانایەکی گەورەی ھەیە کە ئهڵمانیا پشتیوانیی گەلی کوردستان و پێشمەرگەیە و رێز لە خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە لە دژی تێرۆریستان دەگرێت. ئێمە ئەو سەردانەی زۆر بەرز دەنرخێنین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخۆازین".
مەسعود بارزانی گوتیشی: "ئەم سەردانە وەک ھەموو سەردانەکانی دیکە دەرفەتێکی باشە بۆ ھەردوولا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیرورا و باسکردنی ئەو خاڵانەی کە گرنگن. لە ئێستاشدا بابەتی ھەرە گرنگ بۆ ھەموو لایەک رزگارکردنەوەی مووسڵە. ئێمە گوێمان لە رای ئەوان گرت و بۆچوونی خۆشمان بە دوور و درێژی باسکرد کە بە چ شێوەیەک ئەو پرۆسەیە بەرێوە بچێت. ھەورەھا باس لەو رێککەوتنەی لهنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقیدا کراوە، کرا".
ھبرزانی راشیگهیاند: "ھاوکاریی ئهڵمانیا بۆ پێشمەرگە کاریگەریی ئێجگار زۆری ھەبوو و باڵانسی ھێزی لە مەیداندا گۆری و دڵنیام بەھەمان شێوە پشتگیریی ئهڵمانیا بۆپرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵ کاریگەریی خۆی دەبێت''.
لای خۆیشییهوه وەزیری بەرگری ئهڵمانیا ئۆرسولا ڤۆندەر لەین باسی لە سەردانەکەی کرد و گوتی: "ئەم سەردانەی ئێمە جەختکردنەوەیەکە لەسەر ئەو شەراکەتە زۆر نزیکەی کە لە نێوانماندا ھەیە، ھەروەھا پەیوەندییەکانی ئێمە لەدوو ساڵی رابردوودا رەنگیداوەتەوە و بنەمایەکی ئەو شەراکەتە شەری ھاوبەشمانه لە دژی داعش".
ئۆرسولا ڤۆندەر لەین باسی کۆبوونەوەکهیانی کرد و گوتی: "باسمان لەو پێشرەوییانە کرد کە لەماوەی رابردوودا ھاتوونەتەدی، کۆبوونهوهکه تهنها لە بارەی ھاوکاریی ئابوورییهوه نەبووە، بەڵکو باسمان لە پرسە سیاسییهکان و وەرگرتنەوەی ئاوارەکان کرد و تاوتوێی پرچەککردن و راھێنانی ھێزی پێشمەرگە لە ھەولێر کرا، ئەمە لەکاتێکدایە کە لەماوەی رابردوودا زیاتر لە ١٠ ھەزار پێشمەرگە راھێنانیان پێکراوە و ئهڵمانیا بەبڕی زیاتر لە ٩٠ ملیۆن یۆرۆ ھاوکاریی سەربازیی لە چەک و تەقەمەنی پێشکهش بە ھێزی پێشمەرگە کردووە".
ڤۆندەر لەین رۆڵی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و گوتی: "تێرۆر کۆتایینەھاتووە و ماوەیەکی دیکەش خەریکی ئەو کارە دەبین،ئازاد کردنی مووسڵ ئامانجی داھاتووی ئێمەیه و ماوەیەکە ئامادەکاریی لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانان و حکوومەتی ناوەندی عێراق دەکرێت و بێگومان ھێزی پێشمەرگەش لەم ئوپەراسیونەدا رۆلێکی سەرەکی دەبینێت. پێشمەرگە چەندین مانگە زیاتر لە ١٠٠٠ کیلۆمەتر سنووری لە گەڵ داعشدا ھەیە".
راشیگهیاند :" لە دووساڵی رابردوودا شەری ھاوبەشمان درێژەی ھەبووە و داعش بەچەندین جۆر روخساری خۆی دەرخستووە، ئێمەش بەرنامە و راھێنانی پێشمەرگە بەرفراوان دەکەین و لە ھەولێر دەچین بۆ ئەو شوێنانەی کە پێشمەرگەی لێیه و راھێنانیان پێدەکەین بۆ ئەوەی سوودی زیاتری لێوەربگرن".
وەزیری بەرگریی ئهڵمانیا سوپاسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو تێروانینەی سەبارەت بە ئێستای شەری مووسڵ و قۆناغی دوای ئازادکردنی شارهکه که کاتێکی زۆر ھەستیار دەبێت، لەبەرئەوەی دوای داعش پیویسته خەڵک داھاتووی خۆیان لەو ناوچەیە ببینن و گوتی: "بۆ ئەو پرسە لیژنەیەکی ھاوبەش لهنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق پێکھاتووە، بۆ ئەوەی پێکەوە بیر لەوەبکەنهوه کە به چ شێوازێک گرووپە نەتەوەییەکان دەتوانن ئاشتیانە داھاتووی خۆیان دەستەبەربکەن و ئەو ناوچانە بنیاتبنێنهوه. پاراستنی خەڵکی ئەو ناوچانە گرنگە و پێویسته ھیچ کارێکی تۆلەسەندنەوە روونەدات".
ئۆرسولا ڤۆندەر لەین لە کۆتاییدا گوتی: "ئەمە گەورەترین ئەرکی سیاسییە که به چ شێوازێک ئاشتبوونەو لە نێوان پێکھاتەکانی عێراق درووستدەکرێت بۆ ئەوەی داھاتووی عێراق دووبارە دابرێژرێت. ئهڵمانیا بە پرۆژە بەشداریدەکات لەگەڵ رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بیر لەدرێژەدان بە هاوکاریی مرۆیی دەکەین چونکە بە عێرقێکی سەقامگیر و ھەرێمێکی سەقامگیری کوردی خوشحاڵدەبین کە ھاوکاییەکانی خۆمان درێژه پێبدەین".
ئێوارەی دوێنی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئۆرسولا ڤۆندەر لەین و شاندێکی دیپلۆماسیی و سەربازیی یاوەری لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرهوه گەیشتنە ھەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.