Hemin Hüseyin
16 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2018
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بە ئەنجامی پڕۆسەی هەڵبژاردن کرد و پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەکەی کرد.
لە دەستپێکی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەمەوێت لەسەرەتادا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە گەلی عێراق بەشێوەیەکی گشتی و گەلی کوردستان بەتایبەتی بکەم، سوپاسی ھەموو ئەو ھاووڵاتیانە دەکەم کە بەشداریانکرد لە پرۆسەی دەنگدان، سوپاس بۆخوا کە پڕۆسەکە بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو بەبێ ئەوەی کێشەی گەورە دروست ببێت، ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ھەموو گەلی عێراق بە تایبەتی کە لە رووی ئەمنییەوە ھیچ کێشەیەکی وا رووینەدا، ئێمە ھیوادارین ئەو ھەڵبژاردنە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی ھەموو سیاسییەکانی عێراق وانەیەک فێر ببن کە ئەوەیش ئەوەیە زیاتر گرنگی بدرێت بە پێداویستی و خزمەتگوزاری و داواکاری خەڵکی عێراق بەشێوەیەکی گشتی لەپێناو بەدیھێنانی ژیانێکی بەختەوەر و دۆخێکی باشتر".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەر بنەمای شەراکەت بگاتە چارەسەرێک لە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراق و کوردستان بێت و لەم بابەتەشدا یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان پێویستە و دەبێت یەکڕیزی ناو ماڵی خۆمان بپارێزین لەم ماوەیەشدا شاندێکمان دەچێتە بەغدا".
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەو شەش لایەنەی نیگەرانی خۆیان دەربڕیەوە لەپرسی ھەڵبژاردن لە سلێمانی و کەرکووک، بۆ تەواوکردنی قافیەی شیعرەکەیان ھەولێر و دھۆکیشیان تێخستووە، بەڵام ھەر نیگەرانییەک ھەیە دەبێت بڕەوێتەوە، نیگەرانی ئەو شەش لایەنە بە جدی وەردەگرین و وەک سەرۆکوەزیران داوا لە کۆمیسیۆن دەکەم زۆر بە جدی کاری لەسەر بکات و هەموو رێککارێک بگرێتەبەر بۆ نەهێشتنی ئەو نیگەرانییەی لایەنەکان جا رێککارەکان دووبارە ژماردنەوەی بەدەستە یان هەر رێگایەکی دیکەیە ئەوا من داوا دەکەم کۆمسیۆن بەو کارە هەڵبستێت".
نێچیرڤان بارزانی، ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە لایەنەکان لە ئەنجامی ھەڵبژاردنی کەرکووک و سلێمانی ناڕازین، بەڵام بۆ وەزن و قافیەی شیعرەکانیان ناوی ھەولێر و دھۆک دێنن و، گوتی: "ئەو شەش لایەنەی کە نیگەرانیی خۆیان دەربڕیووە لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن لەسەر کەرکووک و سلێمانی، بەڵام بۆ ئەوەی وەزن و قافیەی شیعرەکەیان تەواوبێت، ئەوا هاتوون هەولێر و دهۆکیشیان خستووەتە ناو بابەتەکە، من وەکو سەرۆکی حکومەت ئەو هەواڵانەم پێگەیشتووە و ئێمەش لەو بابەتە نیگەرانین لەو بابەتە داوا دەکەم کە کۆمیسیۆن دەبێت ئەو بابەتە و داواکاری لایەنەکان بە جددی وەربگرێت و ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە دەبێت بە یەکڕیزی بگەڕێینەوە بۆ بەغدا".
سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش، برێت مەکگۆرگ، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "برێت مەکگۆرک ھاتووەتە ئێرە و یەکترمان بینووە و، لە چوارچێوەی پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق گفتوگۆمان کردووە، ئەوان دەیانەوێت حکوومەتێک تەشکیل بکرێت لە چوارچێوەی خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییانی عێڕاقدا بێت، ھەستم نەکرد ڤیتۆیان لەسەر کەس ھەبێت و ھیچ لایەنێکیشیان تەفزیل نەکردووە، دەیانەوێت حکوومەتێک بێت کە گرنگی بە خزمەتگوزاری و ژیانی رۆژانە و ئابووری و رەخساندنی ھەلی کار بۆ ھەموو خەڵکی عێراق دەدەن، بڕیارە ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام بێت و ئەمڕۆ دیسان سەردانی ھەولێر دەکات، ئەمڕۆش سەرۆک بارزانی لە ھەولێر دەبینێت و دیدارەکانی بەردەوام دەبێت".
لەبارەی وەرگرتنی پۆستی سەرکۆمار لە حکوومەتی داهاتوودا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بە دڵنیاییەوە وەکو کورد شایستەی خۆمانە کە یەکێک لە پۆستە سیادییەکانمان ھەبێت، بەڵام کێشەی کورد لە بەغدا پۆست نییە، مەسەلەی پۆست کۆتا شتە، کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە، لەوەیە ١٢ ساڵە کورد چاوەڕێی جێبەجێکردنی دەستوور دەکات، ١٢ ساڵە دەستوور جێبەجێ ناکرێت و شەراکەت لەم وڵاتە مەعنای نەماوە، ١٢ ساڵە خۆمان وانابینین کە بەشێکین لەم پرۆسەیە، ١٢ ساڵە ھیچ شتێک ناکرێت بۆ ئەوەی سەقامگیری لە عێراق دروست بکرێت، دەبێت دیدێکی روون ھەبێت بۆ عێراقی دوای ئەم ھەڵبژاردنانە، داعش لە ئەنجامی چی دروست بوو؟ ئەنجامی سیاسەتێکی شکستخواردوو بوو کە پەیڕەو دەکرا، لەبەر ئەم ھۆیەش بوو، کە کورد بەرەو ریفراندۆم هەنگاوی نا، چونکە کورد بێ ھیوا بوو لەوەی بەغدا بیەوێت ئەم دەستوورە جێبەجێ بکات و مافەکانی کورد بدات، ئەگەر ئەزموونمان لەم سیاسەتە وەرنەگرتووە، بە دڵنیایی دەبێت لەمەودوا ئەزموون وەربگرین، چونکە مێژوو دەڵێت ئەگەر داواکاریی کورد بە جددی وەرنەگیرێت و جێبەجێ نەکرێت، سەقامگیریی سیاسی لەم وڵاتە نابێت. ئێمە کێشەمان گەلی عێراق و گەلی عەرەب نییە و ئێمە براین، بەڵام دەبێت داواکارییەکانی کورد جێبەجێ بکرێت.