Heman Hussein Yaseen
09 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2024
هەولێر - AA
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق جومانە غەلای ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق دا بکات.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق جومانە غەلای بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵا کردووە و تیاییدا خواستی بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشان داوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ٦ی ئەم مانگە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند کە دەرگای تۆمارکردنی ناوی ھاوپەیمانییەتی و پارت و بەربژێرانی سەربەخۆ و کۆتاکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - عێراق دەکرێتەوە و ماوەکەش پێنج ڕۆژ دەخایەنێت.
پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە بەشداری ھەڵبژاردنەکان ناکات بەھۆی دەرچوونی چەند بڕیارێک لە دادگای باڵای فێدڕاڵییەوە کە یەکێک لەوانە ھەڵوەشانەوەی کورسی کۆتاکان بوو لە ھەرێم.
ھاوکات ڕۆژی ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤ دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو ١٠٠ کورسییەی پەرلەمان، ئەوا پێنج کورسی پەرلەمانی بۆ کۆتای پێکھاتەکان دیاری بکات، بەمەش ژمارەی کورسی گشتی لە سێ پارێزگاکەی ھەرێم کەمبووەوە.
بەپێی دابەشکردنی کورسییەکان، بۆ پارێزگای ھەولێر ٣٢ کورسی، پارێزگای سلێمانی ٣٦ کورسی، پارێزگای دھۆک ٢٤ کورسی و ھەڵەبجە ٣ کورسی دیاریکراوە. کورسی کۆتاکانیش بە پێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بەو شێوەیە یەکلا بوویەوە: هەولێر دوو کورسی، سلێمانی دوو و دهۆک یەک کورسی.
پێشتریش لە ٣ی ئاداری ٢٠٢٤، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان- عێراق، نێچیرڤان بارزانی، ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری کرد، بەڵام بەھۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان نەتوانرا پڕۆسەکە لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت و چاوەڕێ دەکرێت دوای ڕێککەوتنی لایەنەکان، وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی خوولی شەشەمی ھەڵبژاردن دیاریی بکرێت.
تا ئێستا سێ جار وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دەستکاریی کراوە، دواجاریش ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ واتا سبەی دووشەممە دیاری کرابوو، بەڵام بەھۆی ڕێککنەکەوتنی لایەنەکان، نەتوانرا لەم وادەیە پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت و، چاوەڕوان دەکرێت بۆ جاری چوارەم دەستکاریی وادەکە بکرێت، ھەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی سەرەتای مانگی ئەیلوولی کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە بەڵام تا ئیستا ھەرێمی کوردستان وەڵامی نەداوەتەوە.