ھەولێر
بە پێی راپۆرتی سەرەتایی تیمی کۆمکاری عەرەبی بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ھەرێم، ئازادی لە دەنگداندا ھەبووە و سەرپێچیی ئەوتۆ تۆمار نەکراوە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان ھەبێ.
کاتژمێر ٧:١٥ی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بۆ خستنەرووی راپۆرتی تیمی کۆمکاری عەرەبی بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی پێی ھەستا، سەرەتا سەربەست مستەفا سەرۆکی کۆمسیۆن چەند زانیارییەکی لەسەر چاودێرانی ھەڵبژاردنەکە خستەروو و ئاماژەی بەوە دا، بەگشتی ژمارەی چاودێرانی نێودەوڵەتی لەم ھەڵبژاردنە ٥٥٨ چاودێر بوون، لەناویاندا چاودێرانی کۆمکاری عەرەبی بە ١٣ چاودێر بەشداری لە چاودێریکردنی ئەم ھەڵبژاردنە کرد.
لەلایەن خۆیەوە عەلا زوھێری، بەرپرسی تیمی چاودێریی سەر بە کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند " کۆمکاری عەرەبی لەسەر داوای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ١٣ چاودێری لە ٦ رەگەزنامەی جیا نارد بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە". لەبارەی میکانیزمی کارەکانیشیانەوە گوتی" ئەو ١٣ چاودێرە لە ٦٣ بنکەی دەنگدان و ٣٠١ وێستگە چاودێرییان کردووە لەکاتی دەنگدان و ھاوکات لە ١٣ وێستگەش ئامادەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بوون".
زوھێری لە راپۆرتەکەیدا دە خاڵی وەکو خاڵە ئەرێنیەکانی ھەڵبژاردن خستە روو لەوانە: رێکخستن و بەڕێوەچوونی باشی ھەڵبژاردن، ئامادەبوونی پێداویستییە لۆجیستییەکان و گونجانیان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، ئامادەبوونی بریکارە سیاسییەکان، روماڵی باشی راگەیاندن تا جیاکردنەوەی دەنگەکانیش، ھەماھەنگیی فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن و نوێنەرانی قەوارە سیاسییەکان، بوونی ئافرەت و بەتەمەنەکان بە زۆری و ئاسانکارییکردن بۆیان بۆ دەنگدان، دابینکردنی ئاسایشی بنکەکان".
لەبارەی خاڵە نەرێنیەکانیشەوە ئاماژەی چەند خاڵێک کرد لەوانە "نەزانینی ھەندێک لە دەنگدەران بە رێوشوێنی دەنگدان، گەورەیی قەبارەی کارتی دەنگدان و رەنگەکانی کە وایکردبوو مۆری ئەلیکترۆنی و دەستی لەسەری بەروونی دەرنەکەوێ، ھێواشیی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ھەندێ وێستگە، نەبوونی ناوی ھەندێک دەنگدەر، مەشقنەکردنی تەواوی فەرمانبەر کە وایکرد لەسەرەتاوە مۆری ئەلیکترۆنی دوابکەوێت و پووچەڵکردنەوەی ھەندێک کارت بەوھۆیەوە".
عەلا زوھێری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی بەگشتی ئەم ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە ھەنگاوێکی باشە بۆ چەسپاندنی رێرەوی دیموکراسی، بەتایبەت کە ھاوڵاتیان بێ ھیچ رێگرییەک دەنگییان دا و بەگشتی ھەڵبژاردنەکە سەرپێچیی ئەوتۆی تێدانەبوو کاریگەریی لەسەر ئەنجامەکانی ھەبێ".
ھەروەھا ھیوای خواست حکومەتێک پێکبێت ئارەزووەکانی ھاوڵاتیان زیاتر بەدی بھێنێ.