İbrahim Ramadan,Zana Natık Kerem
29 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2020
قاهیرە - AA
کۆمکاری عەرەبی سەبارەت بە پلانی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە "گرێبەستی سەدە" کە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-ەوە راگەیەندراوە رایگەیاند کە ئەو پلانە مافی گەلی فەڵەستین بەهەدەر دەدات.
لە راگەیەندراوێکدا، کۆمکاری عەرەبی کاردانەوەی نیشانداوە سەبارەت بە پلانە ئاشییەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە بە "گرێبەستی سەدە" ناسراوە و ئاماژەی بەوەکردووە کە پلانەکە پابەندکراو نییە و بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل پەیوەستدارە بە ئیرادەی هەردوولاوە نەک ئیرادەی لایەنێکی دیکە.
کۆمکاری عەرەبی راشیگەیاندووە کە بە هەر هەوڵێک خۆشحاڵ دەبێت، ئەگەر بە جددی لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی بخرێتەگەڕ و جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت دان بەو راستییەدا بنیرێت کە ئیسرائیل لە ١٩٦٧وە خاکی فەڵەستینی داگیرکردووە، ئەو کات ئاشتی بەدی دێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، پێوەری سەرەکی بۆ سەرکەوتنی هەر پلانێکی ئاشتی ئەوەیە کە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی و دادپەروەرییدا گونجاو بێت.
باس لەوەشکراوە پلانی جددی ئاشتی ئەوەیە خواست و بەرژەوەندییەکانی هەردوولای تیایدا بە هاوسەنگی دەستەبەر کرابێت.
کۆمکاری عەرەبی ئاماژەی بەوەیشکردووە کە رۆژی شەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ساز دەکات و تیایدا بە وردی پلانی گرێبەستی سەدە هەڵدەسەنگێنێت.
دوێنێ سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو سازیکرد، بەشێوەیەکی تاکلایەنە، پلانی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە "گرێبەستی سەدە" ناوزەند دەکرێت بۆ رای گشتیی ئاشکراکرد.
دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستەسەر ئەوەی کە پلانەکەی لە ٨٠ لاپەڕە پێکھاتووە و جەختی لەوەکردەوە کە ماددەی زۆر بە نرخ لەخۆدەگرێت بۆ ئیسرائیل و لایەنی فەڵەستین-یش.
سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای گوتەکانیدا، ئاماژەی بەوەکرد کە لە پلانی ئاشتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، شاری قودس وەک پایتەختی "بەشنەکراو"ی ئیسرائیل قبوڵ دەکرێت و جەختی لەوەیشکرد کە پلانەکە دوایین دەرفەتە بۆ فەڵەستینییەکان.