قاهیرە
دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش دیمەنی سووتاندنی فڕۆكەوانی ئوردنی مەعاز كەساسبەیان بڵاوكردەوە، سكرتێری گشتی كۆمكاری عەرەبی نەبیل عەرەبی و وڵاتانی لوبنان، مەغریب، سوودان، میسر، فەڵەستین، قەتەر، ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، بەحرەین، كوێت و سعوودیە بە توندی ئیدانەی ئەو كردارە نامرۆڤانەیان كرد.
سكرتێری گشتی كۆمكاری عەرەبی نەبیل عەرەبی لە لێدوانێكدا بە توندی ئیدانەی سووتاندنی ئەو فڕۆكەوانە ئوردنییەی كرد و گوتی: "ئەو تاوانە قیزەونە لە دژی هەموو عورف و عادەتە نێودەوڵەتی و ئاسمانییەكانە و ئێمە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ناوین و تاریكی".
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە لێدوانێكدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە سووتاندنی فڕۆكەوانی ئوردنی بە توندی ئیدانە دەكات و هاوخەم و هاوسۆزی حكوومەتی ئوردن و كەسوكاری فڕۆكەوانەكەیە و ئەو تاوانانەی لە لایەن تیرۆریستانەوە ئەنجام دەدرێن پێویستە بكرێنە بەڵگە و وەكو تاوانی دژە مرۆڤایەتی پێناسە بكرێن.
وەزارەتی دەرەوەی مەغرێبیش لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە مەغریب هەر جۆرە تیرۆرێك رەت دەكاتەوە و هاوسۆزی خەڵكی ئوردنە و لە شەڕی دژی تیرۆردا پشتگیری لە حكوومەتی ئوردن دەكات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سوودانیش لەو بارەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە سووتاندنی ئەو فڕۆكەوانە بە پێچەوانەی یاسا و ریساكانی ئاینی ئیسلامە و كڕیارێكی قیزەونی دڕندانەیە.
سەركۆماری میسر عەبدولفەتاح سیسیش لە لێدوانێكدا بە توندی ئیدانەی ئەو كردارە نامرۆڤانەی كردووە و جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەو كردارە بە پێچەوانەی یاسا و ریساكانی هەر پێنج دینی ئاسمانییە و لەم بارودۆخەدا لە شەڕی دژی تیرۆریستە قیزەون و ترسنۆكەكان میسر پشتگیری لە ئوردن دەكات.
سەرۆكی فەڵەستین مەحموود عەباسیش سەرەڕای ئیدانە كردنی ئەو كردارە قیزەونە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو كارە دڕندەیی تیرۆریستان لە دژی پەیام و بنەماكانی ئاینی ئیسلامە و خەڵكی فەڵەستین و هاووڵاتییە عەرەبەكان زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كەسانە دەكەن كە كرداری بەو جۆرە ئەنجام دەدەن.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش بە هەمان شێوە لە راگەیەنراوێكدا سووتاندنی فڕۆكەوانە ئوردنییەكەی بە كردارێكی دڕندانە وەسف كردووە و جەختی لەو كردووەتەوە كە ئەوە پێچەوانەی یاسا و ریساكانی ئاینی ئیسلامە.
شێخی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبیش بە توندی ئیدانەی سووتاندنی ئەو فڕۆكەوانەی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە كردووە.
بەرپرسانی كوێت و سعوودیەش بە جیا ئیدانەی ئەو كردارە قێزەونەیان كردووە و بە كردارێكی وەحشییانە ناویان هێناوە.