Zana Natık Kerem
26 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2016
وەزیری دەرەوەی عێراق، ئیبراهیم جەعفەری رایگەیاند كە وڵاتەكەیان پێداگیری دەكات لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا و سعوودیە و گوتیشی: "ئاواتەخوازین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە، پەیوەندی باش بن".
لەمیانی ئەو سەردانەی كە هەفتەی رابردوو بۆ قاهیرە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی كۆمكاری عەرەبی و یەكێتیی ئەورووپا ئەنجامی دابوو، ئیبراهیم جەعفەری دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی "ئەخبار ئەلیوم"ی میسری ساز كرد و گوتی: "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ سعوودیە لە سروشتی بەرژەوەندی هاوبەش و راستەقینەی جوگرافیایی دایە، سعوودیە وڵاتی حەرەمیینە و هەموو ئەو راستییانەمان رەچاوكردووە و لەسەر ئەو راستییانەش پێداگیری لە پەیوەندی لەگەڵ سعوودیە دەكەین".
وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها گوتی: "بەهەموو شێوەیەك هەر زیادەرۆییەك بۆسەر مافەكانمان یان هەر كارێك كە ببێتە هێرشكردنە سەر سەروەریمان و دەستوەردان بۆكاروباری ناوخۆی عێراق رەت دەكەینەوە و لە هەمان كاتدا پێداگیری بەهێز لە پەیوەندییەكانمان دەكەین و بێ ئەوەی زیادەڕۆیی تیایدا بكەین و لەگەڵ بوونی هەموو ئەو كێشانەش پەیوەندییەكانمان ناكەینە قوربانی".
ئیبراهیم جەعفەری گوتی: "ئاواتەخوازین پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ سعوودیە هەبێت هەر وەك چۆن ئاواتەخوازین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیادا باش بێت".
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: "هەندێك دۆسیەی هەڵپەسێردراو و بابەت هەن كە پێویستە گفتوگۆیان لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی كۆسپ و تەگەرەكان لاببرێن و لەسەر شانی ئێمە نییە بەرەو رێگەیەكی داخراو بڕۆین كە ناوی بنبەستە، چونكە رێگەی بنبەست هیچ ئەنجامێكی لێ ناكەوێتەوە".
لە مانگی ئابی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە كرد كە باڵیۆزەكەی لە عێراق، سامر سەبهان بگۆڕێت و كەسێكی دیكە لە شوێنی دابنێت بەهۆی ئەوەی گوایە سامر سەبهان لە كارەكانیدا سنووری خۆی بەزاندووە و دەستوەردانی لە كاروباری ناوخۆی عێراق کردووە.
دواتر وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لەسەر داواكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سامر سەبهانی گەڕاندەوە بۆ ریاز و عەبدولعەزیر شممەری وەك هەڵسوڕێنەری كارەكانی باڵیۆزخانەی سعوودیە لە عێراق دەست نیشان كرد.
لە وەڵامی پرسیاری بوونی گفتوگۆ لە نێوان توركیا و عێراق، ئیبراهیم جەعفەری گوتی: "گفتوگۆكان لەمیانی ئەم ماوەیە نەبچڕاون، عێراق پێداگیری دەكات لەسەر گفتوگۆ، چونكە ئەوە باشترین رێگەیە تەنانەت ئەگەر تاكە رێگەش نەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: "توركیا وڵاتێكی دراوسێیە، پەیوەندی ئاشتی و دراوسێتی پێكەوە دەمان بەستێتەوە، پەیوەندی ئەزموونی سیاسی پەیوەندییەكی پێشەنگە و لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئاواتەخوازین پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی ئێمە و توركیا زیاتر لەسەر بنەمای خۆشەویستی و متمانەیی بێت".
لە كۆتایی قسەكانیدا ئیبراهیم جەعفەری گوتی: "بەڵگە لەسەر ئەوە، كاتێك توركیا رووبەڕووی كودەتایەكی شكستخواردوو بوویەوە، یەكەم كەس بووم کە پەیوەندییم بە سەركردەكانی توركیاوە كرد و پێم راگەیاندن کە پشتگیری لە وڵاتێك دەكەین كە لەسەر بنەمای دیموكراتی بێت نەوەك وڵاتێك كە لەسەر بنەمای كودەتای سەربازی بونیاد بنرێت".