Muhammet Ali Kemal
14 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2017
قاهیرە- AA
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی میسر ئاشکرایکرد داواکەی پارێزەری سەرۆکی لەکارلادراو حوسنی موبارەک، فەرید دیب -یان تاوتوێکردووە و بڕیاری ئازادکردنی موبارەکیان داوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەکانی نێو دەزگای دادوەریی میسرەوە دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، بەهۆی ئەوەی کە حوسنی موبارەک ئەو سێ ساڵ زیندانییکردنەی تەواوکردووە کە لە دۆسیەی کۆشکی سەرۆکایەتیدا بەسەریدا سەپێنرابوو، هەروەها بەهۆی ئەوەی لەو سکاڵایانەی دیکەدا کە لەسەری تۆمارکراوە، بێتاوانە، بڕیاری ئادازکردنی دراوە.
ئاماژە بەوەش دەکرێت 'فەرمانگەی دەستکەوتی نایاسایی' کە سەربە دەزگای دادوەرییە، لە 22ی کانوونی یەکەمی 2016دا داوای ئەوەی کردووە گەشتی دەرەوەی وڵات لە موبارەک قەدەغە بکرێت.
ئەوەش راگەیەنرا کە کارەکانی ئازادکردنی موبارەک لە بنکەیەکی پۆلیس لەناوچەی میسر جەدیدە، کە ناوبراوی لێ نیشتەجێیە، دەستی پێکردووە.
بەپێی یاساکانی میسر، ئەو زیندانییانەی ماوەی بەندکردنیان تەواو دەکەن و بڕیاری ئازادکردنیان دەدرێت، رەوانەی بنکەیەکی پۆلیس لەو ناوچەیەی لێی نیشتەجێن، دەکرێن و لەوێوە ئازاد دەکرێن. بەڵام باس لەوە دەکرێت بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە، ئەم رێککارە بۆ موبارەک ناگیرێتە بەر.
لەدوای شۆڕشی 25 کانوونی دووەمی میسر، حوسنی موبارەک لە مانگی نیسانی 2011دا دەستبەسەرکرا و رەوانەی نەخۆشخانەی سەربازیی کرا.
لە مانگی حوزەیرانی 2013دا بە تۆمەتی بەشدارییکردن لە کوشتنی 239 خۆپیشاندەری وڵاتەکەی، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا و بۆ ماوەیەک بۆ گرتووخانەی تورا گوازرابوویەوە. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، دووبارە رەوانەی نەخۆشخانەی سەربازیی کرایەوە.
بەپێی یاساکانی میسر لەبارەی سەرکۆمارانی پێشووەوە، پیویستە حکوومەتی میسر خانوویەک بۆ موبارەک دابین بکات.