Sangar Hamad Azeez
06 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2016
شاراپۆڤا کە بەهۆی دەرنەچوون لە پشکنینی دۆپینگ، بۆ ماوەی ١٥ مانگ لە یاریکردن سڕکراوە لە چوارچێوەی یارییەکانی تیمی جیهانی تێنس دەردەکەوێتەوە.
شاراپۆڤای تەمەن ٢٩ ساڵ، لە یارییەکی خێرخوازیدا کە لە شاری لاس ڤێگاسی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت رووبەڕووی تینسزانی پێشوو، جین کینگ و گۆرانی بێژ، ئێلتۆن جۆن دەبێتەوە.
لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەنووسان، شاراپۆڤا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: "شەوێکی بێوێنە دەبێت بە تامەزرۆوە چاوەڕوان دەکەم تاوەکو جارێکی دیکە لەناو یاریگاکاندا دەربکەومەوە".
ماریا شاراپۆڤا کچە تێنسزانی رووسی لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لە پشکنینی دۆپینگ (ماددەی وزە بەخش) دەرنەچوو و بەهۆیەوە دووساڵ لە یاریکردن سڕ کرا.
بەڵام دواتر شاراپۆڤا تانەی لە بڕیارەکە دا و رایگەیاند کەوا ئەو ماددەیە تازە قەدەغەکراوە و نەیزانیوە کە وزە بەخشەو بەهۆیەوە سزاکەی بۆ ١٥ مانگ سڕکردن لە یاریگاکان کەم کرایەوە.
بە گوێرەی بڕیارەکەش شاراپۆڤا لە ٢٦ی نیسانی ٢٠١٧ دەتوانێت بگەڕێتەوە ناو یاریگاکان.