Muhammet Ali Kemal
14 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2017
واشنتۆن- AA
گوتەبێژی کۆشکی سپی، شان سپایسەر وێڕای ئاماژەدان بەوەی پلانی بەرەنگاربوونەوەی داعش هێشتا بەشێوەیەکی تەواوەتی کۆتایی بە داڕشتنی نەهاتووە و ئاشکرایکرد لەبەر ئەوە، ناتوانن هاریکارییکردن سەبارەت بە سووریا لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا پشتگوێ بخەن بە رووسیاشەوە.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا لە کۆشکی سپی، شان سپایسەر وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بە سووریا و بەرەنگاربوونەوەی داعشی دایەوە و جەختی لەوەکردەوە دەرگاکانی بەڕووی هاریکارییکردن لەگەڵ رووسیادا دانەخراون.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هێشتا رێگەی تێدەچێت ئەمریکا و رووسیا لە سووریا هاریکاریی یەکتری بکەن یان نا، سپایسەر گوتی: ''پلانی بەرەنگاربوونەوەی داعش هێشتا بەشێوەیەکی تەواوەتی کۆتایی بە داڕشتنی نەهاتووە. وەزیری بەرگریی، جەیمس ماتیس زانیاریی سەبارەت بە بنەما سەرەکییەکان دا، بەڵام کارەکانی داڕشتنی پلانەکە درێژەی هەیە. لەبەر ئەوە لەئێستادا ناتوانم هیچ وڵاتێک پشتگوێ بخەم. پێشتریش سەرۆک ترەمپ ئاماژەی بەوەکردبوو لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، هەر وڵاتێک هاوبەشی لە پابەندییەکانی ئێمە بکات، ئەوا دەتوانین لەچوارچێوەی نیگەرانییە هاوبەشەکانماندا پێکەوە کاربکەین، ئێمەش بەو جۆرە دەکەین''.
لەبەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتەبێژی کۆشکی سپی، باسی لەوەکرد سەردانەکەی راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ کە بڕیاربوو ئەمڕۆ بۆ ئەمریکا ئەنجامی بدات، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە بۆ رۆژی هەینی داهاتوو، دواخراوە.
لەوەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بەو راگەیەنراوەی کرملین کە باس لەوە دەکات لە پەراوێزی لووتکەی G-20دا کە بڕیارە مانگی تەمووز لە ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆدەبنەوە، شان سپایسەر رایگەیاند: ''لەئێستادا یەکە پەیوەندیدارەکان سەرگەرمی کاری چڕوپڕن سەبارەت بە G-20، بەڵام لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەوە، هیچ روونکردنەوەی نوێم نییە''.