Mücahit Aydemir
07 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2020
تەرابلوس- AA
لیبیا بوون بە سەرۆکی دانیشتنەکانی ئەم قۆناغەی کۆمکاری عەرەبی رەتکردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی لیبیا، محەمەد قابلاوی لەو بارەیەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نوسیویەتی: "لیبیا، سەرۆکایەتی دانیشتنەکانی ئەم قۆناغەی کۆمکاری عەرەبی ناکات. هیوادارین لە رەوشێکی باشتردا بتوانین ئەم کارە بکەین".
محەمەد قابلاوی وردەکاری زیاتری لەبارەی هۆکاری رەتکردنەوەکەوە نەخستووەتەڕوو.
میدیاکانی وڵاتانی عەرەبیی ئاماژە بەوە دەکەن ئەم بڕیارەی لیبیا دوای ئەوە دێت کە فەڵەستین سەرۆکایەتی دانیشتنەکانی یەکێتییەکەی رەتکردەوە.
رۆژی ٢٢ی ئەیلوول، فەڵەستین دەستبەرداری مافی سەرۆکایەتیکردنی دانیشتنەکانی کۆمکاری عەرەبی بوو، ماوەیەک دواتریش کوێت و قەتەر وازیان لەم مافە هێنا.
لەبارەی بڕیارەکەشەوە وەزیری دەرەوەی فەڵەستین، ریاز مالیکی رایگەیاندبوو: "سکرتاریەتی گشتی کۆمکار هەڵوێستێکی پشتیوانانەی بەرامبەر بە واژووکردنی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرێن نیشانداوە".
ئەم گوتانەی ریاز مالیکی دوای ئەوە هات کە وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی رۆژی نۆی ئەیلوول رەشنووسی ئیدانەکردنی واژووکردنی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان رەتکردبووەوە کە لەلایەن فەڵەستین پێشکەش کرابوو.
رۆژی ١٥ی ئەیلوولی رابردوو هەریەکە لە ئیمارات و بەحرێن بە نێوەندگیری ئەمریکا، رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل واژووکرد.