Mahmut Geldi
11 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2020
بەیروت - AA
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، حوسام زەکی لە میانی بەشداریکردنی لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵێکی میسری-دا باسی لە رەوشی لیبیا کرد.
حوسام زەکی جەختی لەوە کردەوە کە قەیرانی لیبیا پێویستی بە دەستپێکردنی قۆناغێکی سیاسییە و گوتی: "بەگوێرەی رێککەوتنی سوخەیرات کە لە وڵاتی مەغریب واژۆوو کراوە، حکوومەتی تەبایی نیشتیمانی نوێنەری یاسایی لیبیایە".
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لەبارەی تێروانینی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ حکوومەتی تەبایی نیشتیمانی لیبیا ئاماژەی بەوەدا کە کۆمکاری عەرەبی، یەکێتی ئەفریقا، رێکخراوی هەماهەنگیی ئیسلامی و نەتەوە یەکگرتووەکان حکوومەتی تەبایی نیشتیمانی بە نوێنەری یاسایی لیبیا دەزان.
حوسام زەکی لەبارەی کۆنفڕانسی بەرلین کە سەبارەت پرسی لیبیا سازکرا، رایگەیاند "لە کۆنفڕانسەکەدا ئەو بەرەوپێشچوونە بەدەست نەهات کە چاوەڕوان دەکرا. دواتریش لایەنی حکوومەتی تەبایی نیشتیمانی بەشێوەی سەربازی، سەرکەوتنی بەدەست هێنا. ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە هەردوو لایەنە سەرەکییەکەی لیبیا پێکەوە کۆببنەوە و چارەسەرێکی ئاشتییانە پەسەند بکەن".
کاتێکیش پێشکەشکاری بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکە هەوڵی دا ئامادەیی تورکیا لە لیبیا وەک "داگیرکاری" ناوببات، حوسام زەکی گوتی: "هێزەکانی تورکیا لە ئەنجامی رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی رێپێدراوی لیبیا چوونەتە خاکی ئەو وڵاتە. هەر بۆیە ئامادەیی تورکیا لە لیبیا جیاوازە لە ئامادەیی تورکیا لە سووریا".