Mücahit Aydemir
28 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2021
تەرابلوس - AA
لە کەناراوەکانی لیبیا، لانی کەم تەرمی شەش کۆچبەری نایاسایی لە قەراغ دەریا دۆزرانەوە، کە دوو منداڵ و ژنێکیان لەنێودا بوو.
بە پێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، ژمارەیەک لە دانیشتوانی شاری زوارا لە خۆرئاوای لیبیا، پەیوەندیان بە بەرپرسانی ناوخۆییەوە کردووە و، زانیارییان پێداون لەبارەی بوونی چەند تەرمێک لە قەراغی دەریا.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی زوارا، دەستی بە کار کرد لە بارەی رووداوەکە و، تەرمی دوو منداڵ کە یەکێکیان ساوا بوو، لەگەڵ ژنێک و سێ پیاوی دۆزیەوە کە لە ئاودا خنکابوون.
تەرمەکان کە ناسنامەیان دیار نییە، لەو کۆچبەرە نایاساییانەن کە لە رێگەی لیبیاوە بە بەلەمی لاستیکی چوونەتە دەریای ناوەڕاستەوە .
سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد کە ٩٠ کیلۆمەتر لە دووری کەنار دەریا بەرپرسانی ئەمنیی بەردەوامن لەسەر کارەکانی گەڕان و، رەنگە تەرمی دیکە لە ناوچەکەدا هەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد کە تەرمەکان سەربە کۆچبەرەکانن و رەنگە ماوەی چەند رۆژێک بێت لە دەریادا مابێتنەوە و، لانی کەم دوو رۆژە لە قەراغ دەریاکەدا ماونەتەوە.
ژمارەیەکی زۆر لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی کە چالاکی بۆ کۆچبەران بەڕێوەدەبەن، باسیان لەو تراژیدیایە کرد کە دەریای سپی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت و پشتگوێ خراوە.
ئۆسکار کامپس، دامەزرێنەری ئۆپن ئارمز کە رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی ئیسپانیە و، لە دەریاکاندا چالاکی گەڕان و رزگارکردن بەڕێوەدەبات، لە هەژماری خۆی لە تویتەر وێنەی تەرمی ئەو منداڵە ساوایەی بڵاوکردەوە کە لە قەراخ دەریادا دۆزرایەوە و، رایگەیاند: ''هێشتا شۆکم بەهۆی دڕندەیی ئەو رەوشە. ئەوانە منداڵانی ساوا و ژنانن کە تەنیا ئاواتیان ژیان بووە''.
لیبیا، بووەتە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی پەڕینەوەی ئەو کۆچبەرە ئەفریقیانەی بۆ ئەورووپا کۆچ دەکەن، کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە دەست هەژاریی و شەڕ و پێکدادانەکانی وڵاتەکەیان جێدەهێڵن.
بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمساڵ، تا ئێستا لانی کەم ٦٣٢ کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون.
هەروەها بەپێی داتاکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی، لە نێوان ١٦-٢٢ی ئایاردا، هەزار و ٤٨٩ کۆچبەر لە دەریادا دەستگیرکراون و، رەوانەی لیبیا کراونەتەوە.
بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، ناو بە ناو باس لەوە دەکەن کە دەکرێت رێگری بکرێت لە بەشێکی گەورەی ئازار و مردنەکان بەدرێژایی ئاڕاستەی دەریای سپی ناوەڕاست.
ئاماژە بەوەیش دەکرێت کە بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی ناردنەوەی کۆچبەران، رێگریکردن لە هەوڵەکانی رزگارکردن و وەڵام نەدانەوەی بانگەوازە بەپەلەکان، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەرپرسیارن لە گیانلەدەستدانی کۆچبەران.