Zana Natık Kerem
15 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2021
ھەولێر ــ AA
ئەمنیداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت رایگەیاند کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، پێویستی بە ھاریکاریی بەردەوام ھەیە و ئاماژەی بەوەیش دا کە گەندەڵی، دیاردەیەکی مەترسیدارە و ھەڕەشەیە بۆسەر سەقامگیری وڵاتان.
ئەحمەد ئەبو غێت لە میانی کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بۆ گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەغدا دەستی پێ کرد رایگەیاند کە کۆنگرەکە، درەفەتێکی گرنگە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و گێرانەوەی پارە بەتاڵان براوەکان و گوتی: "گەندەڵی، دیاردەیەکی مەترسیدارە و ھەڕەشەیە بۆسەر سەقامگیری وڵاتان".
ئەمنیداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە لە ساڵی ٢٠١٠دا، رێککەوتنی عەرەبی بە ئامانجی بنبڕکردنی گەندەڵی کراوە و گوتی: "کۆمکاری عەرەبی گرنگیی زۆر بە بنبڕکردنی گەندەڵی دەدات".
ئەحمەد ئەبو غێت هەروەها ئاماژەی بەوەیش دا کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە ھاریکاریی بەردەوام ھەیە و گوتی: "کۆمکاری عەرەبی پاڵپشتی لە ھەموو ئەو دامەزراوانە دەکات کە ھەوڵەکانیان بە ئامانجی بنبڕکردنی گەندەڵی و گێرانەوە پارە بەتاڵان براوەکان خستووەتەڕوو".