Muhammet Ali Kemal
05 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2016
قاهیرە - AA
کۆمکاری عەرەبی هێرشەکانی رژێمی ئەسەدی بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل لەشاری حەلەب بە ''تاوان و کردەوەی دڕندانە'' ناوبرد و ئیدانەی کرد.
کۆمکاری عەرەبی لەسەر داوای کوەیت لەناوەندی خۆی لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر ئاستی ئەندامە باڵاکانی سازکرد بەمەبەستی تاوتوێکردنی هێرشەکانی سەر حەلەب و دۆخی مرۆیی لەشارەکە. لە راگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە ''کۆمکاری عەرەبی تاوانەکانی رژێمی سووریا دژ بە هاووڵاتییانی سڤیلی شاری حەلەب و کردەوە وەحشیگەرانەکانی ئیدانە دەکات''.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە شاندی لوبنان بەمەبەستی خۆ دوورگرتن لە قەیرانی سووریا، هەڵوێستێکی بێلایەنیان هەبووە سەبارەت بە ئیدانەکردنەکە، بەڵام هاوپشتی گەلی سووریان و دەنگیان بەو ماددەیەی راگەیەنراوەکە داوە کە تایبەتە بە دۆخی مرۆیی لەو وڵاتە.
کۆمکاری عەرەبی رایگەیاندووە ''ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تاکە رێگەی چارەسەری قەیرانی سووریا بریتییە لە چارەسەری سیاسیی'' و زۆر نیگەرانن لە خراپ بوونی دۆخی مرۆیی حەلەب و شارەکانی دیکەی سووریا.
کۆمکاری عەرەبی لە راگەیەنراوەکەیاندا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە دەستبەجێ دەست بەکارەکانیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێک لە سووریا بکەن و داوایان لەو دامەزراوانەش کردووە کە هاوکاریی مرۆیی دەگەیەننە سووریا درێژە بەکارەکانیان بدەن.