Cemal Sargati
13 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2016
سلێمانى - AA
چاودێرى سیاسى، ئەبوبەکر عەلى کاروانى:
-"هێزە سیاسییەکان بیرێکى نوێ بکەنەوە بۆ دەرچوون لەو قەیرانە لەبەر ئەوەی هەرێمى کوردستان لە شەڕێکى قورسدایە لەگەڵ چەکدارانى داعش".
-"هەرێمى کوردستان پێویستى بە یەکگرتنى لایەنە ئیسلامییەکان هەیە".
-"پەیوەندیەکانى هەولێر و بەغدا لە ئێستادا تاڕادەیەک لێک تێگەیشتنێکى زۆرتر لە نێوانیان هەیە وەنیاز پاکى لەنێوان هەردوولادا دەبینرێت".
- "لەدواى شەڕى مووسڵ عێراق پێویستى بە تەوافوقى سیاسى هەیە".
چاودێرى سیاسى، ئەبوبەکر عەلى کاروانى رایگەیاند "دواى ئەوەى کە کێشە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان قووڵبونەوە پێش ساڵێک لەمەوبەر کە ئەوەش بووە هۆى ئەوەى پەرلەمانى کوردستان پەکى بکەوێت و وەزیرەکانى بزووتنەوەى گۆران دەربکرێن و قەیرانێکى سیاسى لە هەرێمى کوردستان دروست بوو تەنانەت واى لێ هاتووە هێزە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان لەدەورى مێزى گفتوگۆش کۆنەبوونەتەوە، بۆیە ئاواتەخوازم دواى تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر پەککەوتنى پەرلەمان و ئەو دۆخە سیاسیە و دروست بوونى قەیرانى ئابوورى لە هەرێم، هێزە سیاسییەکان بیرێکى نوێ بکەنەوە بۆ دەرچوون لەو قەیرانە لەبەر ئەوەی هەرێمى کوردستان لە شەڕێکى قورسدایە لەگەڵ چەکدارانى داعش".
كاروانى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتی: "بەشێوەیەکى گشتى پەیوەندى لایەنە سیاسییەکان ناتوانین هەموویان وەک یەک هەڵ سەنگێنین بەڵام بەگشتى پەیوەندى لایەنەکان پەیوەندییەکى ئاسایى نییە تاڕادەیەک پەیوەندیەکى سیاسییانە نییە بەو مانایەى کە بتوانن لەگەڵ یەکدا دابنیشن و پەیوەندییەکانیان ئاسایى بکەنەوە وە چارەسەرى هاوبەش بۆ گیروگرفتەکان بدۆزنەوە، پەیوەندى لەگەڵ هەندێک هێزدا پر کێشەتر و لەنێوان هەندێکى تردا باشترە بەڵام کۆى هێزە سیاسییەکان نەیانتوانیوە گفتوگۆیەکى جددی بکەن و بەیەکەوە بیر لە چارەسەرى کێشەکان بکەنەوە وە بگەنە تەوافوقێکى نیشتیمانى کە ئێستاى هەرێمى کوردستان پێویستی پێەتى".
ئەبوبەکر عەلی کاروانی كە پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بووە و لە كۆنگرەی ئەو حزبەدا کاندیدی پۆستی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بووە بەڵام لەبەرامبەر کاندید سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین بۆ ئەو پۆستە نەی توانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت.
ئەو لەبارەی یەکگرتنی لایەنە ئیسلامیەکان گوتی: "پێم وایە پاساوی فرەیی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان نەماوە و ئیسلامییەکان بۆئەوەی لەم پەراوێزکەوتنە و بێ رۆڵیەی ئێستا کە هەیانە پێویستە بیر لەوە بکەنەوە کە چوارچێوەیەکی سیاسی هاوبەش پێکبهێنن بەبێ ناوی ئیسلامی، پاشخانی ئیسلامی بێت نزیک بێت لە مۆدێلەکانی ئاک پارتی لە تورکیا و لە هەمان کاتیشدا تەوژمێک بێت خزمەتی رۆحی و دەعاوی بۆ ئەوەی کە بتوانن قورسایی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پێکبهێنن وە ئومێدێک بۆ خەڵکی کوردستان دروست بکەن و رێگای سێیەم پێشکەش بکەن لە دونیایی سیاسەتی کوردیدا کە پێم وایە ئەگەر بتوانن ئەوە بکەن و زاڵ بن بەسەر بەربەستە دەروونی وکێشەکانیان کە زۆربەیان کێشەی دروستکراون وکێشەی قووڵ نین بەوەش ئەتوانن رۆڵێکی گەورە لە داهاتووی باشوری کوردستان ببینن بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بەو یەکگرتنە هەیە".
لەبارەی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەبوبەکر عەلی کاروانی رایگەیاند "پێم وایە هێوربوونەوە هەیە لەو پەیوەندیانە لە ساڵانی رابردوو پەیوەندیەکی نائاسایی بوو ئێستا جۆرێک لە هێوربونەوە هەیە بەس نازانرێت ئایا پەیوەندی بە شەڕی مووسڵ و ستراتیجیەتی شەڕی داعشەوە هەیە یاخود بناغەیەکی هەیە، بۆیە لە هەموو حاڵەتێکدا هیوادارین هێوربوونەوەکە بەرهەمی بەخۆداچوونەوە بێت بەڵام من بەشبەحاڵی خۆم پێم وایە کە هێشتا تیگەیشتنێکی قووڵی وانییە بەشی ئەوە بکات تەواوی ئەو کێشانەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبوون چارەسەر بکرێن بۆیە پەیوەندییەکان کاندیدن بۆ هەڵکشان و داکشان لە داهاتوودا".
لەبارەی سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی بۆ بەغدا کاروانی رایگەیاند "کاریگەری ئەو سەردانە بەڕای من بەشێکی پێداویستیەکان و ستراتیجییەکانی شەڕی داعش بوو و هێورکردنەوەی ئەو پەیوەندیانە بوو کە گرژیەکی زۆر لەنێوان بەغدا و هەولێردا دروست بووبوو و شکاندنی هەندێک لە بەربەستە دەروونیەکان بوو جۆرێک لێک تیگەیشتنە بەڵام لەوە زیاتر بەبڕوای من گرەوی زۆر لەسەر ناکرێت لەبەر ئەوەی چارەسەرکردنی کێشەکان چوونی شاندی حکوومەت و چوونەناو وردەکاریەکانەوەی دەوێت لەو حاڵەتەشدا هیچ گرەنتیەک نییە بۆ ئەوەی بگەین بە رێککەوتن ئەگەریش گەیشتن بە رێککەوتن بەبڕوای من وەک جاران نییە کە رێککەوتنەکان تاسەر جێبەجێ بکرێت، بەڵام لە ئێستادا تاڕادەیەک لێک تێگەیشتنێکی زۆرتر لە نێوان هەردوو لادا هەیە و نیازی پاکی نیشاندان لەنێوان هەردوولادا دەبینرێت".
لەبارەی شەڕی مووسڵ و گرتنەوەی ئەو شارە ئەو چاودێرە سیاسیە گوتی: "شەڕی مووسڵ یەکێکە لە ئەڵقە گرنگەکانی شەڕی تێکشکاندنی رێکخراوی داعش وەک رێکخراوک کە مەترسی بۆسەر زیاتر لە وڵات و هێز و گەل و نەتەوەیەک دروست کردبوو، بەڵام زیاد لە بەرژەوەندیەک تێکەڵاو بووە بەوەی کە تەنها شەڕی عێراقی و تیرۆریش نەماوە بەڵکو شەڕی تاڕادەیەک کۆمەڵێک بەرژەوەندی دژبە یەکیشە لەپاڵ داعشدا کە لەشەڕی مووسڵدا خۆی بەرجەستە دەکات".
لەبارەی ئەوەی عێراق دوای شەڕی مووسڵ چی لێدێت ئەو گوتی: "عێراق دوای شەڕی مووسڵ بەڕای من شەڕی داعشی لە کۆڵ نابێتەوە لەوانەیە داعش شارە گەورەکانی لەدەست دەربهێنرێت بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر مەسەلەی رەگوڕیشە کێشکردنی کێشە سیاسیەکانی عێراق لەوانەش مەسەلەی پێکهاتەی سوننە، کێشەکان لەگەڵ کورد، دووبارە داڕشتنەوە هاوسەنگکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و گۆڕینی عەقڵییەتی حکومڕانی دروست نەبێت ئەواپێم وایە عێراق وەکو ململانێیەکی خوێناوی توندوتیژی تائیفی لەناوچەکەدا دەمێنێتەوە و دەبێت بترسین لەوەی کە رەهەندێکی نەتەوەییشی بێتە سەر ئەگەر بێت و بەغدا ئەو ناوچانەی لەدەرەوەی هەرێم لەژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگە دەربهێنێت و جارێکی تر بەهێز بیخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی لە هەموو حاڵەتێکدا بەغدا پێویستی بە تەوافوقی سیاسی هەیە بەتایبەتی بۆ ئەوەی جارێکی تر پێکبێتەوە".
لەبارەی رۆڵی ئێران لە شەڕی مووسڵدا، ئەبوبەکر کاروانی ئەوەشی گوت: "ئێران نایشارێتەوە بەشێوەی راوێژکار و پێشکەشکردنی زانیاری بۆ شەڕی مووسڵ و ئیدارەکردنی شەڕەکان لەنزیکەوە بەشداری شەڕ دەکات و بەو ئەندازەی هێزەکان کاردەکەن لەسەر دروستکردنی بەرەی شیعەو سوننە بەو ئەندازە بەبڕوای من لەزیانی میللەتانی ناوچەکەیە من وەک خۆم شەرم دەکەم لە سەرەتایی سەدەی 21 دا مسوڵمانان و گەلانی ناوچەکە تازە بگەڕێنەوە بۆ جەنگی تائیفی بەو ئەندازەی دەوڵەتان و هێزەکان کار لەسەر قووڵکردنەوەی ملمڵانێی تائیفی بکەن هەر بەو ئەندازەیەش دژبە بەرژەوەندی گەلانی تر کار دەکەن".
کاروانی راشیگەیاند: "بەشداریکردنی تورکیا لە شەڕی مووسڵ ئەوا داهاتووی مووسڵ دەیخوازێت ئەگەر پەیوەست بێت بە قووڵکردنەوەی پێکەوە ژیانی ناو پێکهاتەکان لەخزمەتی رزگارکردنی شارەکە بێت و لەخزمەتی ئەوەدا بێت کە دواتر لێکتێگەیشتن لەناو پێکهاتەکان دروست بێت وە نەبێتە سەرچاوەی کێشەی تر لە عێراق وە نەکرێت بەبیانوو بۆ تێکدانی کۆمەڵێک هاوسەنگی هاوکێشەی سیاسی کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا ئەوا بەو شێوەیە خزمەت دەکات وە پێویستیشە، بەڵام بەو ئەندازەی کە پێچەوانەی ئەمانەبێت هەتا دژی خواستی تورکیاش بەو ئەندازە پرسیار دەکەوێتە سەر ئاستی پێویستبوونەکەی. بەبڕوای من تورکیا وەک هێزێکی هەرێمایەتی لەو ناوچەیە ون نەبێت و پارێزگاری لەدووبارە داڕشتنەوەی ناوچەکە و نەخشەکێشانی ئایندەی مووسڵ و عێراق رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بکات. یەکێک لەو شوێنانەش شەڕی مووسڵ و بەشداریکردنە لە شەڕی دژبە داعش، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا بوونی تورکیا چ رەنگدانەوەیکی دەبێت و چ کاردانەوەێکی دەبێت لەسەر ئاستی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان و ئەمن و ئاسایش و لێکتێگەیشتنی دەوڵەتانەوە لەو روانگەوە دەتوانین دادوەری بکەین دەربارەی بوون و ئامادەیی تورکیا لە عێراق".