ھەولێر - ھێمن بابان
لەئەنجامی رێژەو دەنگی لیست و قەوارە بەشداربووەکان ھێشتا ئەوەی خەڵک بەشێکی دەزانێ تەنیا پێنج ھێزی گەورەو خاوەن نفوزن لەھەرێمی کوردستان، لەو میانەدا ژمارەو رێژەی دەنگی لیست و قەوارە بچووکەکان تا ئێستا نادیارن.
ئەوان ھەر یەکەو ژمارەیەکیان لایە لەسەر ژمارەی دەنگەکانیان بەڵام جارێ ئاشکرایان نەکردووەو نەبووەتە جێی بایەخی میدیاکان.
ھەر یەکە لە بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان، حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکن لەخەباتی چەکداریی دا لەشۆڕشی کوردستانی عێراق، بەڵام ئێستا سەنگ و قورسایی سیاسی ئەوان لەکاتی ھەڵبژاردندا کەم دەبێتەوەو ناتوانن ببنە رکابەری بەھێز.
یەپێی قسەی کاربەدەستانی ئەو حیزبانە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو AA ھەر یەکەیان بایی کورسییەک یان دوو کورسی دەنگیان مسۆگەر کردووە، بەڵام ھێشتا بەتەواوی دڵنیا نین لەژمارەی دەنگ و کورسییەکانیان.
بزووتنەوەی ئیسلامی: دوو کورسی مسۆگەرە
بزووتنەوەی ئیسلامی لەخولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستانی دوو کورسی ھەیەو بەوەزیرێک بەشدارە لەکابینەی حەوتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان. وەھبە ناسر، بەرپرسی مەکتەبی ھەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " زیاتر لە ٤١ ھەزار دەنگمان بەدەستھێناوە، رێژەی ئەو دەنگانەی لە ھەولێرو دھۆک بەدەستمان ھێناون ٢٠ ھەزاریان تێپەڕاندووە، لە سلێمانیش ٢١ ھەزار بەو پێیەبێ تا ئێستا دوو کورسیمان مسۆگەرە".
سۆسیالیست: ٢٠ ھەزار دەنگمان ھێناوە
رەفعەت محەمەد، بەرپرسی مەکتەبی ئامار و ھەڵبژاردنی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کە حیزبی ئەوانیش دوو کورسی لەپەرلەمان ھەیە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "پێشبینی دەکەین کورسییەک بەدەست بێنین، بە گشتی نزیکەی ٢٠ ھەزار دەنگمان بەدەستھێناوە ئەوەیش بەشی کورسییەکە، لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە شەش ھەزار و لە پارێزگای ھەولێر زیاتر لە ١٢ ھەزار، لە پارێزگای دھۆک نزیکەی ٢ ھەزار دەنگمان بەدەست ھێناوە".
ئاراستەی سێیەم: نزیکین لەکورسییەک
ئامانج عەلی، بەرپرسی مەکتەبی ھەڵبژاردنی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کە لەگەڵ پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان پێکەوە بەلیستێک بەشدار بوون گوتی" بەپێی ئامارەکانمان ئەو دەنگانەی کۆمانکردوونەتەوە ١٥ ھەزار و ٣٥٠ دەنگ دەبێ، بۆیە پێشبینی بەدەستھێنانی کورسییەک دەکەین، لەپارێزگای ھەولێر زیاتر لە نۆ ھەزار دەنگ، لە سلێمانی زیاتر لە پێنج ھەزار، لە دھۆکیش زیاتر لە ھەزار دەنگمان بەدەستھێناوە".
حیزبی شیوعی: چاومان لە کورسییەکە
حیزبی شیوعی کوردستان کە لەم ھەڵبژاردنەدا بە پێچەوانەی ھەڵبژاردنی ٢٠٠٩ لەگەڵ شەش حیزبی چەپی دیکەدا لیستێکیان ھەبوو، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە بەتەنیا لیستی ئازادیی پێکھێنا (سوبحی مەھدی) بەرپرسی مەکتەبی ھەڵبژاردنی حیزبی شیوعی کوردستان بۆ AA گوتی" ئەو دەنگانەی بەدەستمان ھێناون تا ئێستا دەگاتە زیاتر لە ١٣ ھەزار دەنگ، ھەندێک لە دەنگەکانمان ماوەو دەرفەتی ئەوەمان دەداتێ کورسیەک بەدەست بێنین، بەڵام ئەوەی ھەیە لە پارێزگای ھەولێر شەش ھەزار، لەپارێزگای سلێمانی پێنج ھەزار، لەپارێزگای دھۆک زیاتر لەدوو ھەزار دەنگمان ھێناوە بۆیە چاومان لەوە ھەیە کورسییەک بەدەست بێنین".
مافی گەل: پێنج ھەزار دەنگ
ھێرش تەیار سەرمایەدارێکی خەڵکی ھەولێرەو کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی ئاسمانی ھەیە، بۆ خۆی سەرۆکی لیستەکەی بوو بەناوی "مافی گەل" بە ئاژانسی ئەنادۆڵو AA راگەیاند: ئەوان حەوتەم لیستن کە دەنگی زۆریان ھێنابێ لەپاش یەکێتی و پارتی و گۆڕان و سێ لیستە ئیسلامییەکە.
تەیار گوتی" ھێشتا ئەو دەنگانەی بەدەستمان ھێناون بەشی کورسییەک ناکات تا ئێستا سێ تا پێنج ھەزار دەنگمان بەدەستھێناوە، ھێشتا زۆر دەنگیش ماوە جیا بکرێنەوە، بەڵام چاومان لەوەیە کورسیی موتەفەریقەمان بەربکەوێ کە دەدرێتە بەھێزترین لیستە بچووکەکان".
مافەکانی خەڵک : ژمارەیان نازانین
عەلی کەریم، چالاکوانێکی کۆمەڵی مەدەنییەو سەرۆکی لیستی (مافەکانی خەڵک) دەڵێ بەھۆی کەمیی چاودێرەکانەوە ھێشتا نازانن چەند دەنگیان بەدەستھێناوە، لەو بارەیەوە گوتی " تا ئێستا نازانین چەند دەنگمان بەدەستھێناوە چاوەڕوانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنین، لەھەندێک رووەوە ھەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو بوو ساختەکاریی کەمتر بوو لە چاو جاران، ئەگەرچی پێشێلکاریی و فێڵکردن و سکاڵای زۆر تۆمارکراون، ھەروەھا ھەوڵی گۆڕینی ئەنجامەکان دەدرێ"
لیستی سەربەخۆکان: ئومێدمان ھەیە
لیستی سەربەخۆکان لەلایەن (کاروان ساڵح) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکایەتی دەکرێ، کاروان ساڵی پار لەبەر ناکۆکی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەو حیزبە جیابوویەوەو لەپەرلەمان فراکسیۆنی سەربەخۆی پێکھێناو دوو کورسییان ھەبوو، لەھەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلول بەشدارییان کرد، بەڵام دەڵێ تا ئێستا ھیچ ئامارێکی لە بارەی ژمارەی ئەو دەنگانەی بەدەستیان ھێناوە نازانێ.
کاروان ساڵح بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو گوتی" ئێمە ئومێدمان ھەیە بگەینە پەرلەمان، بەڵام چاودێرمان زۆر کەمە بۆیە نازانین دەنگەکانمان چەندن، چاومان لەوەیە کۆمیسیۆن ئەنجامە بەراییەکان دیاری بکات، لە ھەندێک لایەن و لە ھەندێک شوێن دەنگمان ھێناوە".
کاروان ساڵح پێیوایە سەربەخۆکان دەگەنە پەرلەمان، چونکە ٤٠%ی خەڵکی کوردستان سەربەخۆن وەکو ئەو دەیڵێ، بەڵام "بەھۆی نەبوونی بودجەی زۆر ھاوشانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و توندیی ململانێیەکان نەیانتوانیوە وەکو پێویست دەربکەون، پۆستەر و لافیتەکانمان لە شوێنی وا ھەبوو یەک سەعات خۆی رانەدەگرت و دەدڕان، ھەروەھا کاندیدمان ھەیە نانبڕاو کراوە، باجی سەربەخۆبوونمان داوە و ستەممان لێکراوە".