ھەولێر
لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٢١ی ئەیلولی رابردوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە ماوەی ٢١ ساڵە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان حوکمڕانیی ھەرێم دەکا، ھەروەھا ھەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، کە دوو حزبی ئۆپۆزسیۆنن، دەنگەکانیان بەبەراورد بە ھەڵبژاردنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی ئاداری ٢٠١٠ کەمی کردووە.
لەم ھەڵبژاردنەی دواییدا یەکێتیی نیشتمانی نزیکەی ٥٠ ھەزار دەنگ، ھەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی نزیکەی ٣٠ ھەزار دەنگ کەمیان کردووە جیاوازیی ئەنجامی دەنگەکانی ئەو سێ حزبە لە ساڵی ٢٠١٠ و لە ھەڵبژاردنەکەی مانگی رابردوودا بەم شێوەیە:
٢٠١٠: یەکێتی نزیکەی ٣٩٨ ھەزار دەنگ، یەکگرتوو نزیکەی ٢١٤ ھەزار دەنگ، کۆمەڵ نزیکەی ١٤٥ ھەزار دەنگ.
٢٠١٣: - یەکیتیی نیشتمانی ٣٥٠٥٠٠ دەنگ (١٨ کورسی)، یەکگرتووی ئیسلامی ١٨٦٧٤١ دەنگ (١٠ کورسی)، کۆمەلی ئیسلامی ١١٨٥٧٤ دەنگ (٦ کورسی)
لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٥ی تەمموزی ٢٠٠٩دا، یەکێتیی نیشتمانی بە لیستێکی ھاوبەش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دابەزی و ٥٩ کورسییان بەدەست ھێنا و کورسیەکانیان نیوە بەنیوە دابەش کرد، بەڵام لەم ھەڵبژاردنەدا بە لیستێکی سەربەخۆ دابەزی و ١٨ کورسی بەدەست ھێنا.
ھەردوو حزبە ئیسلامیەکە ئەگەرچی لەبەر نرخی ئەمجارەی کورسیی پەرلەمان ژمارەی کورسیەکانیان زیادی کردووە (یەکگرتوو لە ٦ کورسیەوە بۆ ١٠ کورسی و کۆمەڵ لە ٤ کورسیەوە بۆ ٦ کورسی) بەڵام ژمارەی دەنگەکانیان لەچاو ھەڵبژاردنەکەی ٢٠١٠ی پەلەمانی عێراق دابەزیوە.
ئەو سێ حزبە بۆ چارەسەری ھۆکارەکانی ئەو پاشەکشەیە بە شێوەی جۆراوجۆر رایانگەیاندووە کە بەخۆدا دەچنەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئامادەنەبوونی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی کاریزمای حزبەکە (سەرکۆماری عێراق) بەھۆی نەخۆشکەوتنیەوە، زیانی پێگەیاند، لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییە ناڕەسمیەکاندا لەسەر ئاستی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆبوویەوە و نیگەرانیی خۆی لەو ئەنجامانە راگەیاند و بەڵێنی بەدواداچوون و بەخۆداچوونەوەی دا.
ھەر بۆ ھەمان مەبەست ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بڕیاریدا لە ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ کۆنگرەی گشتی ببەستێ، کە تێیدا تاوتوێی بارودۆخی حزبەکە و ئەنجامەکانی لە ھەڵبژاردنەکەدا دەکرێ و سەرکردایەتیەکی نوێ بۆ قۆناغی داھاتوو ھەڵدەبژێردرێ.
سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی پاش دەرکەوتنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە، لە راگەیەنراوێکی کورتدا کە لە سایتی رەسمیی حزبەکە بڵاوی کردەوە، وێڕای دەربِینی خۆشحاڵیی خۆی بە زیادبوونی کورسییەکانی لە پەرلەمان، بەڵێنی بەدواداچوونی ھۆکاری دابەزینی دەنگەکانی دا.
ھەرچی یەکگرتووی ئیسلامییە ئەمڕۆ دووشەممە دەستەی باڵای بەدواداچوونی حزبەکە، کە دەزگایەکی باڵای بەدواداچوونی ناوخۆییە، لە راگەیەنراوێکدا کە لە سایتی رەسمیی حزبەکە (کوردیو) بڵاو کراوەتەوە، داوا لە رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و گەنجان دەکا ھاوکاریی بکەن لە ھەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانیدا.
راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوە داوە یەکگرتوو لە ناوخۆدا بە بە میکانیزمی جیا جیا ھەڵدەسێت بە ھەڵسەنگاندن و وەستان لەسەر دەرەنجام وھۆکارەکان، لە ھەمان کاتدا پێشوازی دەکا لە رەخنەو ھەڵسەنگاندن و پێشنیارو خوێندنەوەی سەرجەم رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان و گەنجان بۆ بەرەنجامی دەنگەکانی یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان.
لەم ھەڵبژاردنەدا پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان دەنگەکانیان بەبەراورد بە ٢٠١٠ زیادی کردووە، بەشێوەیەک پارتی لە نزیکەی ٦٧٢ ھەزار دەنگەوە بووەتە ٧٤٣٩٨٤ دەنگ، گۆڕانیش لە نزیکەی ٤٢٦ ھەزار دەنگەوە بووەتە ٤٧٦٧٣٦ دەنگ.
پارتی ژمارەی کورسیەکانی لەچاو پەرلەمانی پێشوو زیادی کردووە (لە ٣٠ بووەتە ٣٨) بەڵام گۆڕان کورسیەکی کەم کردووە (لە ٢٥ بووەتە ٢٤)، بەڵام ئەمەی دوایی دەڵێ کورسییەکی بەناڕەوا لەکیس دراوە و بۆ گێرَانەوەی سکاڵای پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کردووە.
ھەڵبژاردنەکەی ٢١ی ئەیلولی رابردوو چوارەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو لە پاش کشانەوەی سوپا و دامودەزگا ئیداریەکانی حکومەتی عێارق لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ەوە.