ئیستەنبوڵ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای نوێژی جەژن لە بەر دەرگای مزگەوتی معمار سینان لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند: "ئەگەر بەدەپە دەیەوێ رێگای چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ ئیمراڵی دانەخرێ، دەبێ زۆر ھۆشیار بێ و ناکۆکی نەخاتە نێوان خۆی و وەزارەتی داد."
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئەگەر چوارچێوە و ناوەڕۆکی پەیام و لێدوانەکانی بەدەپە بەوجۆرەبێت ئەوا نێوانی بەدەپە و وەزارەتی داد تێک دەچێت و رێگای چاوپێکەوتنەکاتنی ئیمراڵی دادەخرێت."
ئەردۆغان رایگەیاند: "دەبێ زۆر بە ئاشکرا بڵێم کە ئەگەر بەدەپە بەردەوام لێدوانی وا ئاژاوەگێڕانە و پەیامی رەق و کین بڵاو بکاتەوە، ئەوا ئێمە وەکو حکومەت بێدەنگ نابین."
لە وەڵامی پرسیارێک لە بارەی پێشنیاری ئوجەلانەوە، ئەردۆغان گوتی: "ھێشتا لەو بارەیەوە ھیچ جۆرە زانیارییەکی راست و باوەڕپێکراوم پێنەگەیشتووە، بۆیە راست نییە لەو بارەیەوە شتێک بڵێم. نازانین لە ئیمرالی چییان گوتووە و چییان کردووە، قسەکردن لەسەر بنەمای لێدوانەکانی بەدەپە رەنگە ببێتە ھۆکاری کێشەی جیاواز."