Mazın Asad
09 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2017
سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا دۆناڵد توسک، سەرەڕای ناڕەزایی وڵاتەکەی (پۆڵۆنیا) دووبارە بۆ خولی دووەم وەک سەرۆک ھەڵبژێردرایەوە.
سەرۆک دەوڵەت و حکوومەتەکانی یەکێتی ئەورووپا بۆ ماوەی دوو رۆژی لە لووتکەیەک لە شاری برۆکسل کۆبوونەوە.
لە سەرەتای لووتکە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا بەڕێوە چوو. دۆناڵد توسک، سەرەڕای ناڕەزایی وڵاتەکەی (پۆڵۆنیا) دووبارە بۆ خولی دووەم وەک سەرۆک بە کۆی ٢٧ دەنگی بەڵێ بەرامبەر دەنگێکی نەخێر ھەڵبژێردرایەوە.
دۆناڵد توسک ماوەی دوو ساڵ و نیوی دیکە لەسەر ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت و ئەو دوای ھەڵبژاردنی لە گوتەیەکیدا ستایشی سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا کرد و گوتی: "بۆ یەکێتی ئەورووپا ھەوڵ دەدەم ئەوەی لەدەستم بێت، بە باشترین شێوە ئەنجامی بدەم".
پێشتر گشت وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا، کۆکبوون لەسەر دووبارە ھەڵبژاردنەوەی دۆناڵد توسک.
ئەرکی سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا، لە سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەکان، پێشکەشکردنی راپۆرت لە کۆبوونەوەکان، دەستپێشخەریکردن بۆ رێککەوتنی لایەنەکان و نوێنەرایەتیکردن لەسەر ئاستی سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا لە دەرەوە پێکدێت.
-پۆڵۆنیا رەتی کردەوە
سەرۆکوەزیرانی پۆڵۆنیا، پیاتا سزیدلۆ پێش پرۆسەی ھەڵبژاردنەکە لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە دا کە بێ رەزاندنی پۆڵۆنییەکان نابێت رێگە بە ھەڵبژاردنی دۆناڵد توسک بدرێت و گوتیشی: "پێویستە رێز لە گشت بۆچوونەکان بگیرێت. ئەوانەی دژی بۆچوونی پۆڵۆنیان، ئەورووپا دابەش دەکەن. بەرگری لە پرەنسیبەکانی بنەڕەتی یەکێتی ئەورووپا دەکەین. بێ رەزامەندی ئێمە، ئەم کارە نابێت".
بەڵام زۆربەی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بە تایبەتیش ئەڵمانیا و فەڕەنسا پشتگیرییان لە دۆناڵد توسک کرد و ئاماژە بەوە کراوە کە پۆڵۆنیا بە تەنیا ناتوانێت رێگری لە بڕیارەکە بکات.
دۆناڵد توسک پێش ئەرکی سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا، ئەندامی پلاتفۆرمی ھاووڵاتیانی پارتی راستی ناوەند بوو لە پۆڵۆنیا. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٤شدا سەرۆکوەزیرانی پۆڵۆنیا بوو. لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ دوای ئەوەی پارتی داد و یاسا لە پۆڵۆنیا دەسەڵاتی گرتە دەست، توسکی بە "دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵات" تۆمەتبار کردبوو.