Mazın Asad
13 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2017
گوتەبێژی راگەیاندنی کریملین دیمتری پیسکۆڤ لەبارەی جێگیرکردنی سەربازانی ئەمریکی لە پۆڵۆنیا رایگەیاند: "ئەم جموجۆڵانە ھەڕەشە لەسەر بەرژوەندی و ئاسایشی نیشتمانیمان دروست دەکات".
پیسکۆڤ لەبارەی ناردنی سەربازانی ئەمریکی بۆ پۆلۆنیا لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی پێداگری ئاتلانتیک" لێدوانێکی دا بە رۆژنامەوانان.
پیسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە جێگیرکردنی سەربازانی ئەمریکی لە پۆڵۆنیا، ھەڕەشە لەسەر بەرژوەندی و ئاسایشی نیشتمانی رووسیا دروست دەکات و گوتیشی: "ھاوکات ئەو ھێزە لایەنی سێیەمە کە وڵاتێکی ئەورووپی نییە و سەربازانی لە نزیک سنوورەکانمان جێگیر کردووە".
گوتەبێژی راگەیاندنی کریملین ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەی ئێستای سەربازانی ئەمریکا لە پۆڵۆنیا گرنگی لە چوارچێوەی پێشھاتەکان نییە و گوتیشی: "ھەزار یاخود ١٠ ھەزار سەرباز، گرنگ ئەوەیە چالاکی سەربازیی زیاد بکرێت".
بەپێی ھەواڵەکانی میدیای پۆڵۆنیا، لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی پێداگری ئاتلانتیک" بە مەبەستی نەھێشتنی نیگەرانییەکانی چالاکی سەربازیی رووسیا لە رۆژھەڵاتی ئەورووپا، ناتۆ لە نزیک سنووری رۆژھەڵاتی پۆڵۆنیا سەربازانی ئەمریکی جێگیر کردووە کە ئەو سەربازانە بە رێگەی ئەڵمانیاوە بە پۆڵۆنیا گەیشتبوون.