Abdullah Abdulmanaf Shukur
07 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2020
ھەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتەرێز پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردووەتەوە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، بەرھەم ساڵح و ئەنتۆنیۆ گوتەرێز تاوتوێی دواین گۆرانکاری و پێشھاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە کردووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیکردەوە لەسەر سوربوونی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و پارێزگاری لە سەروەری عێراق، ھاوکات نیگەرانی قوڵی خۆشی نیشاندا لەپای پەرەسەندنی گرژییەکان کە ھەڕەشە دروست دەکات بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی.
ھاوکات گوتەرێز جەختیشیکردەوە لە پێویستی دان بەخۆداگرتن و پەنابردنە بەر زمانی عەقڵ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
لەلای خۆیەوە سەرکۆماری عێراق سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەیوەندییە تەلەفونییەکەی و سوربوونی لەسەر ئاسایش و سەلامەتی عێراق.
بەرھەم ساڵح جەختی لەوەشکردەوە کە عێراق ببێتە گۆڕەپان و ناوەندێک بۆ سازان و ئاشتی ئقلیمی و نێودەوڵەتی، ھەروەھا دوور بێت لە ناکۆکی و گرژی و ململانێکان.